مەکتەبی رێکخستنی پارتی و مەڵبەندی 3ـی یەکێتی لە هەولێر کۆبوونەوە

 بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی مەڵبەندی 3ـی ھەولێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد و، لە دیدارەکەدا، رووداو و پێشھاتەکانی ناوچەکە بەگشتی و پەیوەندییەکان تاوتوێ کران.

یەکشەممە، 26ـی تەممووزی 2026، دکتۆر پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ئامادەبوونی ھەڤاڵانی یاریدەدەر و بەرپرسی بەشەکانی مەکتەبی رێکخستن، پێشوازیی کرد لە ڕێباز بێرکۆتی، لێپرسراوی مەڵبەندی 3ـی ھەولێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شاندێکی یاوەری.

لە میانەی دیدارەکەدا، رووداو و پێشھاتەکانی ناوچەکە بەگشتی و پەیوەندییەکان تاوتوێ کران، هاوکات جەخت لە گرنگیی کاری پێکەوەیی، یەکڕیزی و تەبایی لەپێناوی بەرژەوەندیی گشتییدا کرایەوە، وێڕای دەربڕینی گەشبینی و بەرزنرخاندنی ھەوڵەکان لەپێناو تێپەڕاندنی چەقبەستوویی پرۆسە سیاسییەکان.