سوودانی: حکومەتی عێراق دەتوانێت دیپلۆماتە بیانییەکان و راوێژکاران بپارێزێت
K24 - هەولێر
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، دەمانەوێت هاوبەشێکی ستراتیژی لە نێوان عێراق و ئیسپانیا دروستبکەین، ئەمەش وادەکات کار و پەیوەندییەکانمان لەرووی ئابووری، سیاسی، ئەمنی و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی باشتر ببن.هەروەها دەمانەوێت سوود وەرگرین لە ئەزموونی ئیسپانیا بۆ بەرێوەبردنی ئاو و وەبەرهێنان لە وزەی خۆر.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا ئیسپانییەکەی لە بەغدا گوتی: دەمانەوێت هاوبەشێکی ستراتیژی لە نێوان عێراق و ئیسپانیا دروستبکەین، ئەمەش وادەکات کار و پەیوەندییەکانمان لەرووی ئابووری، سیاسی، ئەمنی و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی باشتر ببن.
سوودانی گوتیشی: هەروەها دووپاتمان کردەوە کە دەست بەگفتوگۆی سیاسی ساڵانە لە نێوان هەردوو وڵات دەکەین، هەروەها گرنگیشە لیژنەیەکی هاوبەشمان هەبێت لە نێوان هەردوولا کە لە عێراق کارەکانی بکات، داواشمان لە ئیسپانیا کردووە کە بەشداری لە کۆنگرەی بەغدا بکەن.
باسی لەوەشکرد، ئەمرۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەو کۆمپانیا ئیسپانیانە دەکەین کە لەگەڵ ئەو شاندە هاتوون لەسەر گرنگی کاری وەبەرهێنان لە عێراق، ئەمەش دەبێتە بووژانەوەی ئابووری. هەروەها سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ئیسپانیا بۆ بەرێوەبردنی ئاو و وەبەرهێنان لە وزەی خۆر، باسیشمان لە کەمبوونەوەی ئاور رووبارەکان کردووە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی: ئەو سەردانە لەکاتێکدایە کە رەوشێکی دژوار لەناوچەکەدا هەیە، ئەو دەستدرێژییانەی دەکرێنە سەر گەلی فەڵەستین، کە بووەتە هۆی کۆمەڵکوژی لە غەززە، ئەو شەڕە هەموو یاساکانی نێودەوڵەتی بەزاندووە، هیوادارین هەوڵ بدەن فشاری زیاتر بکەن بۆ راگرتنی شەڕی غەززە و گەیاندنی هاوکارییەکان.
جەختیشیکردەوە: لەم دواییانەدا هەندێک هێرش کرایە سەر راوێژکاران، ئێمەش هەڵوێستی خۆمان راگەیاندووە کە ئەو دەستدرێژییانە زیان بە بەرژەوەندییەکانی عێراق دەگەیێنن، هەروەها کاریگەریشیان دەبێت لەسەر ئامن و ئاسایشی عێراق.
سوودانی ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی عێراق تێگەیشتووە و دەتوانێت کارەکانی خۆی بکات بۆ ئەوەی دیپلۆماتە بیانییەکان و راوێژکاران لە عێراق بپارێزێت.
ٍشەوی رابردوو، پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق، پێشتر رۆژنامهی "بایس"ی ئیسپانیا ئاشكرایكردبوو، ئیسپانیا (550) سهربازی رهوانهی عێراق كردووه.