لە هەولێر کۆنفرانسێک لەبارەی کورسی کۆتاکان بەڕێوەدەچێت

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ پێنبجشەممە 28/12/2023، بە ئامادەبوونی نوێنەری پێکهاتەکان، لایەنە سیاسییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە شاری هەولێر کۆنفرانسێک لەبارەی کورسی کۆتاکان بەڕێوەدەچێت.

هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، لە کۆنفرانسەکەدا گفتوگۆ لەبارەی ئەو سکاڵایە دەکرێت کە لەبارەی کورسی کۆتاکان لە دادگای فیدراڵی تۆمارکراوە، بەشداربووانی کۆنفرانسەکە بۆچوونی خۆیان لەوبارەوە دەخەنەڕوو.

دانیشتنی دادگای فیدراڵی بۆ بڕیاردان لەبارەی ئەو سکاڵایەی لەبارەی دابەشکردنی کورسی کۆتاکان تۆمارکراوە، تائێستا حەوت جار دواخراوە.

 زیا پترۆس، کەسایەتی سیاسیی کریستیانەکان یەکێکە لە بەشداربووانی کۆنفرانسەکە، بە کوردستان24ی گوت: "دواخستنی ئەو بڕیارە ئاشکرا و روونە و ئەجندای سیاسی لە پشتە، دواجاریش رۆژی 27/12/2023، لەبەر ئەوە دواخرا چونکە نوێنەری کریستیان و تورکمانی وەک لایەنی سێیەم بەشدارییان دەکرد، کە ئەوانیش باسیان لە هەڵوێستی خۆیان کرد".

گوتیشی: "هەموومان رەخنەمان لەسەر ئەو دابەشکارییە هەیە، کە گونجاونییە لەگەڵ شوێن   و پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان".

زیا پترۆس، ئاماژەی بەوەشدا: "ئەو لایەن و کەسانەی پێداگیری لەسەر دابەشکردنی کورسی کۆتاکان دەکەن، دەیانەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان جارێکی دیکە دوابخرێت".

Fly Erbil Advertisment