سەربازە بریندارەکانی ئیسرائیل "نایانەوێت" ناتانیاهۆ ببینن

سەربازێکی برینداری ئیسرائیل لە نەخۆشخانە (وێنە: AP)
سەربازێکی برینداری ئیسرائیل لە نەخۆشخانە (وێنە: AP)

K24 - هەولێر

ژمارەیەک لە سەربازی برینداری سوپای ئیسرائیل ڕەتیانکردەوە چاویان بە ناتانیاهۆ بکەوێت دوای ئەوەی سەردانی نەخۆشخانەیەکی ئەو وڵاتەی کردبوو.

بەپێی هەواڵێکی تەلەڤزیۆنی کەناڵ 13ی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەمەبەستی بەسەرکردنەوەی ئەو سەربازانەی لە میانی ئۆپەراسیۆنی وشکانی سەر کەرتی غەززە برینداربوون سەردانی نەخۆشخانەی هاداسای کردووە لە قودسی ڕۆژئاوا، بەڵام ژمارەیەک لە برینداران ڕەتیانکردووەتە چاویان پێی بکەوێت.

ئۆر شنیبێرگ، کە یەکێکە لە سەربازە بریندارەکان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ڕایگەیاند: "لەبەشی بوژانەوەی هاداسام. ئەم شەو ناتانیاهو دێتە سەردانم و یەکێک لە خاتوونە بەرپرسەکان پرسیاری لێکردم لەبارەی ئەوەی دەخوازم ئەو بێت یان نا، بێگومان گوتم نەخێر".

شنیبێرگ باسی لەوە کرد کە لە کۆی 18 سەربازی برینداری ئیسرائیلی لە بەشەکە، 15یان نەیانویستووە چاویان بە ناتانیاهۆ بکەوێت و، گوتی: "لە قودسی قەڵای پارتی لیکۆدم (ئەو پارتەی ناتانیاهو سەرکردایەتیی دەکات). هەست بە گۆڕان دەکرێت و کۆتایی بە سەردەمی (حکومەتی لیکۆد) هاتووە".

ئەمە لە کاتێکدایە بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە غەززە، 489 سەربازی ئەو وڵاتە کوژراون و سەدانی دیکەش برینداربوون.