لایەنە سیاسییەکانی هەرێم دواخستنی دانیشتنەکەی دادگای فیدراڵی بە هەوڵێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردن دەزانن

K24 – هەولێر:
دواخستنی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەسەر سکاڵاکانی یاسای هەڵبژاردن، نیگەرانی بەشێک لە حزبەکانی هەرێمی کوردستانی لێکەوتووەتەوە، ئەوان دەڵێن گومان هەیە دواخستنی بڕیاردان لەسەر وادەکە لەلایەن دادگای فیدڕاڵی، دواخستنی هەڵبژاردنی لێبکەوێتەوە، چونکە وادە لەبەردەم کۆمیسیۆن نامێنێتەوە تا لە ماوەی یەک مانگدا ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردن تەواو بکات.
هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکگرتوو بە کوردستان24ـی راگەیاند، دواخستنەکان بڕیارەکان لە دادگای فیدراڵی کاریگەری لەسەر ئەنجامدان و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت، هەروەها بەهۆی ئەوەی سکاڵاکە بۆ مانگی یەکی ساڵی نوێ دواخراوە، ئاسان نییە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بتوانێت لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدات.
لەلایەن خۆیەوە کارزان گەرد، ئەندامی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان، بە کوردستان24ـی گوت: بابەتەکە هەستیارە و دادگا نایەوێت پەلە لە بڕیاردانی بکات.
بریاربوو رۆژی چوارشەممە، (27ـی کانوونی یەکەمی 2023) دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵی لە بارەی سکاڵایەک لە دژی یاسایەکی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پرسی کورسی کۆتاکان کۆببێتەوە، بەڵام دانیشتنەکە بۆ جاری حەوتەم دواخرا.
هاوکات سەرچاوەیەک لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، دادگاکە لەسەر داوای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دانیشتنەکەی بۆ 21-01-2024 دواخستووە.
ئەمە لەکاتێکدایە دوو سکاڵا لە دژی کورسی کۆتاکان و شێوازی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی تۆمارکراون.
سکاڵاکان لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان و، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون.
بەگوێرەى مادەى 36ـی یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، پێنج کورسیی کۆتا لە پەرلەمانى کوردستان بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخان دەکرێن، لەگەڵ یەک کورسی بۆ پێکهاتەى ئەرمەن، هەروەها پێنج کورسی بۆ تورکمانەکان.
ساڵی 1992 یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. ساڵی 2004 یاسای هەڵبژاردن هەموارکرایەوە و ماددەی نۆیەمی یاساکە کە باسی لەوە دەکرد "هەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی هەڵبژاردن پێکبێت" لابرا و هەرێمی کوردستان هەمووی کرایە یەک بازنەی هەڵبژاردن.