رۆبێرت فۆرد: ئەجندای واشنتن نییە ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی بۆ کورد لە رۆژهەڵاتی سوریا دابمەزرێنێت

0
0

K24 – هەولێر :

دوا باڵیۆزی ئەمریکا لە سوریا ئاماژە بەوە دەکات، ئەجندای واشنتن نییە ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی بۆ کورد لە رۆژهەڵاتی سوریا دابمەزرێنێت. دەشڵێت: ئەمریکا پیی قەبوڵە لە عێراق و سوریا ئەو هێرشانەی بکرێتە سەر، لەگەڵ ئەوەش نایەوێت لەگەڵ ئێران بچێتە نێو شەڕێکی راستەوخۆ.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ( 28-ی کانوونی یەکەمی 2023)،  رۆبێرت فۆرد،  دوا باڵیۆزی ئەمریکا لە سوریا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد،  پێشبینی ناکات دۆخی سوریا بە تەواوی دابڕوخێت، بەڵام  دۆخی کورد بەهۆی میلیشیاکانی سەر بە ئێران خراپە، لەگەڵ ئەوەی بەهۆی هێرشەبەردەوامەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا، بەڵام ئیدارەی بایدن نایەوێت شەڕێکی گەورە و راستەوخۆ لەگەڵ ئێران دەستپێبکات، ئێرانیش دەخوازێ دوورکەوێتەوە لە شەڕێکی راستەخۆ لەگەڵ ئەمریکادا.

لەبارەی ئەجندای مانەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە و بەتایبەتیش لە سوریا، رۆبێرت فۆرد گوتی: گرنگە خەڵکی باکووری رۆژهەڵاتی سوریا تێبگەن لەوەی ئەمریکا ئەجندای خۆی خۆی هەیە لە سوریا، ئەجنداکەی ئەمریکاش بریتیە لە رووبەرووبونەوەی داعش، ئەجندای واشنتن ئەوە نییە ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی بۆ کورد لە رۆژهەڵاتی سوریا دابمەزرێنێت، واشنتن ئامادە نییە ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی بۆ کورد  لەوێ دروستبکات.

شەڕی ئیسرائیل و حەماس و ئەگەری فراوانبوونی شەڕەکە، تەوەرێکی دیکەی قسەکانی فۆرد بوو بۆ کوردستان24 و پێی وابوو،گرنگە زۆر بە وردی چاودێریی سنووری لوبنان و ئیسرائیل بکەین، ئەگەری ئەوە هەیە رووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و ( حزب اللە ) دەستپێبکات، ئەوکاتەی شەڕ لە باشووری لوبنان دەست پێبکات، ئێرانیش هانی هاوپەیمانەکانی دەدات لە عێراق و سوریا دەست بە هێرشەکانیان بکەن دژی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا.

لەبارەی وەڵامدانەوەی ئەمریکا بۆ ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەری لە عێراق و سوریا، فۆرد ئاماژە بەوە دەکات، ئیدارەی بایدن لەماوەی سێ ساڵدا هێرشی زۆریان کردۆتە سەر میلیشیاکان، بە نموونەش مانگێک لەمەوبەر هێرشیان کرد و هەشت میلیشیایان کوشت لە گروپێک بەناوی ( حزب اللە) کە سەر بە ئێرانە، زیاتریشیان کوشتووە لە هێرشەکەی ئەو هەفتەیە، بەڵام ئەوە وای نەکردووە ئێران و میلیشیاکان رابگرێت ، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، ئەمریکا ئەو ئاستی هێرشکردنانەی پێ قبووڵە، یاخود قەبووڵی ناکات و بە یەکجارەکی لەناویان دەبات، پێم وایە ئێستا تا ئاستێک  ئەمریکا ئەو هێرشانەی پێ قبوڵە.

جەنگی ئیسرائیل و حەماس بەشێکی دیکەی قسەکانی فۆرد بوو، ئەو پێی وابوو ئەگەر ئیسرائیلیش سەربکەوێ بە لەناوبردنی حەماس لەرووی سەربازییەوە، بەڵام هێشتا ئاشتی لەنێوان فەڵەستین و ئیسرائیل نایەتەدی، بە تێڕوانینی ئەو، بە شێوازێکی دیکە توندڕەوی دروستدەبێت، لەگەڵ ئەوەش هێرشکردنە سەر ئەمریکاش لە عێراق و سوریا هەر بەردەوام دەبێت، چونکە ئێران نایەوێت سوپای ئەمریکا لە عێراق و سوریا هەبێت.

Fly Erbil Advertisment