سێ رۆژ لە بەردەم لایەنەکان بۆ تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان

عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق
عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق

K24 – هەولێر:

كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئه‌نجامه‌ كۆتاییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراقی بە کەرکووک و نەینەواوە راگه‌یاند و دووپاتیكرده‌وه‌، پرۆسه‌ی وردبینی له‌ ده‌نگه‌دان هیچ كاریگه‌ری له‌سه‌ر گۆڕینی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان نه‌بوو.

رۆژی پێنجشەممە (28ـی کانوونی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رێژەی دەنگی لایەنەکان و ژمارەی کورسی و ناوی کاندیدە دەرچووەکانی راگەیاند و دووپاتیكرده‌وه‌،‌ دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامی‌ كۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لایەنەکان و کاندیدەکان بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ مافی‌ تانه‌لێدانیان لە ئەنجامەکان هه‌یه‌ کە رۆژی هەینی (29ـی کانوونی یەکەمی 2023 تاوەکو رۆژی یەکشەممە (31ـی کانوونی یەکەمی 2023) بەردەوام دەبێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان كورسی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەگوێره‌ی سه‌نگی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌سه‌ر قه‌واره‌ و لایه‌نه‌كاندا دابه‌شكراون، وێڕای له‌به‌رچاوگرتنی كوسی كۆتای ئافره‌تان و پێکهاتەکان.

لەلایەن خۆیەوە، عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند: "له‌ رۆژانی رابردوودا كۆمیسیۆن هه‌موو هه‌وڵه‌كانی چڕكرده‌‌وه‌ بۆ ته‌واوكردنی رێكاره‌كان له‌ ناوه‌نده‌كانی وردبینی له‌ پارێزگاكان بۆ راگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان، دوای پۆلێنکردنی سكاڵاكان و گرتنه‌به‌ری رێكاری تایبه‌ت، ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیاران بڕیاره‌كانی ده‌ركرد و ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌م سكاڵایانه‌ هیچ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان نه‌بووه‌.

رۆژانی (16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە 15 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 41%،  کە شەش ملیۆن و 599 هەزار و 668 دەنگدەر روویان لە سندووقەکانی دەنگدان کرد.

لەم هەڵبژاردنەدا، زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەبوو، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش 7765 بنکەی ده‌نگدانی ئامادەکرد لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدانی لەخۆگرتبوو، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان. لە کاتێکدا 70 پارت و هاوپەیمانی سیاسیی کێبڕکێیان لەسەر 275 کورسی لە هەر 15 پارێزگاکە کرد کە نزیکەی شەش هەزار کاندید لەسەر لیستەکان و بەشێوەی سەربەخۆ، کێبڕکێی هەڵبژاردنیان ئەنجامدا.