لە 2023 دادگای فیدراڵی زۆرترین بڕیاری لە دژی هەرێمی کوردستان دەرکردووە

دادگای فیدراڵی
دادگای فیدراڵی

K24 – هەولێر:

تەنیا لە ساڵی 2023، دادگای فیدراڵی دادبینی بۆ زیاتر لە 10 سکاڵا لە دژی هەرێمی کوردستان کردووە و چەندین بڕیاری دەرکردووە، لە کاتێکدا بەگوێرەی دەستووری عێراق، دەبێت لەسەر بنەمای یاسایەکی پەسەندکراو لە پەرلەمانی عێراق ئەو دادگایە پێکبهێندرێتەوە و تاوەکو ئێستاش ئەوە ئەنجام نەدراوە.

بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لە دژی هەرێمی کوردستان تەنیا لە بوارێکی دیاریکراودا نەبووە، بەڵکو بەشێوەیەکی گشتی بڕیارەکانی بە ئاراستەیەک دەرکردووە، کە کاریگەری لەسەر قەوارەی دەستووریی و یاسایی هەرێمی کوردستان هەبێت و ببێتە هۆی لاوازبوونی، بەڵام هەرێمی کوردستان بەهێزتر بەرامبەر ئەو بڕیارانە وەستاوەتەوە و بەرگری لە مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە یاساییەکانی کردووە.

لە ماددەی (92)ـی دەستووری عێراق کە لە 2005 لە راپرسییەکی گشتیدا لەلایەن زۆرینەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە پەسەندکرا، ئاماژە بەوەکراوە کە دەبێت یاسایەک لە پەرلەمانی عێراق بۆ پێکهێنان و کارکردنی دادگای باڵای دەستووری دەربچوێندرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا پرۆژەیاسای دادگای فیدراڵی نەگەیشتووەتە پەرلەمانی عێراق و لە ناوەڕاستی مانگی 12ـی 2023، نووسینگەی سوودانی بەردەوامی کارەکانی ئەو لیژنەیەی بۆ پێداچوونەوە بە رەشنووسی پرۆژەیاساکە راسپێردراوە، راگەیاند.

هەر بەپێی ماددەی 92ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، دادگای باڵای فیدراڵی دەستەیەكی سەربەخۆی دادوەری باڵایە، كە بەرزترین دەسەڵاتی داوەرییە و لە ژمارەیەك دادوەر و فوقەهای ئیسلامیی و یاسایی پێكدێت.

لە ساڵی 2017، دوای ئەوەی فایەق زێدان بە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دیاریکرا، قۆناغێکی نوێ لە کاری دادگای فیدراڵی بەدیکرا و لە زۆربەی بڕیارەکانیدا توندبوون بەرامبەر هەرێمی کوردستان و هەمیشە لەلایەن سەرکردایەتی سیاسیی و حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دژ بە هەرێمی کوردستان بە سیاسی و نادەستووری وەسفکراوە.

هەرچەندە لە مانگی شوباتی 2022، دادگای فیدراڵی بڕیاری نادەستووری بوونی یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستانی دەرکرد کە یاساکە لە ساڵی 2007 لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئامادەکرا و لە پەرلەمانی کوردستان پەسەندکرابوو، لەگەڵ ئەوەشدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر هەناردەکردنی نەوت و پابەندبوون بە گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکان بەردەوام بوو. لەگەڵ ئەوەشدا، لە ساڵی 2023، چەندین بڕیاری دیکەی لە دژی هەرێمی کوردستان دەکرد وەک لە خوارەوە هاتووە:

یەکەم: رێگریکردن لە ناردنی بڕی 400 ملیار دیناری مانگانە

لە 25ـی کانوونی دووەمی 2023، دادگای فیدراڵی لە بڕیارێکدا ناردنی بڕی 400 ملیار دینار لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ هەرێمی کوردستان بە نادەستووری دانا، ئەمەش کاردانەوەی زۆری لە هەرێمی کوردستان بەدوای خۆیدا هێنا و جارێکی دیکە داواکرایەوە، مووچە و قوتی خەڵکی کوردستان بە ناکۆکییە سیاسییەکان و پرسە هەڵپەسێدراوەکانی دیکەی نێوان هەولێر و بەغدا نەبەسترێتەوە.

ئەم بڕیارەش لە کاتێکدا بوو چەند مانگێک بوو بە بەشداری لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە کورد، سوننە و شیعە کابینەی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی سوودانی پێکهاتبووم بۆیە سەرۆک بارزانی لە پەیامێدا رایگەیاند‌: "جێگەی سەرسوڕمانە هەر كات كەشێكی ئیجابی لەنێوان هەرێم و بەغدا دروست بووبێت و دەرفەتێك بۆ چارەسەریی گرفتەكان هاتبێتە ئارا، دەستبەجێ دادگەی فیدڕاڵی كاری بۆ تێكدانی ئەو دەرفەتە كردووە و بە بڕیارێكی دوژمنكارانە دەرفەتەكەی لەبار بردووە و بووەتە هۆی ئاڵۆزتربوونی كێشەكان".

دووەم: راگرتنی کارەکانی پەرلەمانی کوردستان

لە (30ـی ئایاری 2023) لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا، دادگای فیدراڵی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوە کە بە یاسای ژمارە 12ـی رۆژی 9-10-2022، بە زۆرینەی دەنگ لە پەرلەمانی کوردستان پەسەندکرابوو.

ئەم بڕیارە بووە هۆی ئەوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان جارێکی دیکە دوابکەوێت و ئەرکی سەرپەرشتیکردنیشی کەوتە ئەستۆی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبری ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان.

سێیەم: رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک

رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک کە لەلایەن فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان و هێزە چەکدارەکانی دیکەی عێراقەوە لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە داگیرکرابوون، یەکێک بوو لە خاڵەکانی رێککەوتنی نێوان لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و کارنامەی پێکهێنانی کابینەکەی سوودانی، بەڵام دوای بڕیارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ رادەستکردنەوەی بارەگاکان بە پارتی گرژی و ئاڵۆزی لە کەرکووک دروستبوو.

بەهۆی سکاڵایەکی عەرەبە هاوردەکانەوە بە پشتیوانی لایەنە شۆڤێنییەکانی شارەکە، دادگای فیدراڵی لە سەرەتادا بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگرت و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئاڵۆزییەکانی کەرکووک زیاتر پەرەبسێنێت و خۆپیشاندانەکانی 3ـی ئەیلوولی لێبکەوێتەوە و بووە هۆی شەهیدبوونی چوار گەنجی کورد بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان و دەستگیرکردنی 40 کەسی دیکە.

ئەوەی جێگەی سەرنج بوو لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، جیاواز لە هەموو رێکارە یاسایی و دەستوورییەکان کە بۆ وەرگرتن و بەدواداچوون و بڕیاردان لەسەر سکاڵایەک دەیگرێتەبەر، بۆ ئەو سکاڵایەی تایبەت بە رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک، لە رۆژێکدا سکاڵاکەی وەرگرت و کۆبوونەوەی ئەنجامداوە و بڕیاریشی بۆ دەرکرد.

تا دواجار لەژێر فشارەکاندا، لە رۆژی (12ـی تشرینی یەکەمی 2023) دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری راگرتنی رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی هەڵوەشاندەوە و بڕیاریدا بە گەڕانەوەی بارەگاکە بۆ پارتی و پابەندبوونی یاسایی هەموو لایەنەکانیش بەو بڕیارەی یەکلایی کردەوە، کە پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دابوو رادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێتەوە.

چوارەم: راگرتنی کارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان

هاوشێوەی بڕیارەکانی دیکەی لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە، دادگای فیدراڵی لە (24ـی ئەیلوولی 2023) بڕیاریدا بە کۆتاییهێنان بە کارکردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی بەسەرچوونی ماوەی تەمەنی یاساییان لە کاتێکدا لە ئامادەنەبوونی پەرلەمانی کوردستان، بۆشاییەکی یاسایی دیکە لە هەرێمی کوردستان دروستکرا.

بەگوێرەی لێدوانی رۆژنامەوانی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی تەنیا ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان خستە بۆشایی یاساییەوە، چونکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دوو رێگەی هەیە، ئەویش یەکەمیان بە دەنگدانی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکە یاخود بە دەنگدانی دوو لەسەر سێ ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان بڕیاربدەن بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.

لە رۆژی (30ـی نیسانی 2014) هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و دۆخی هەرێمی کوردستانەوە نەکرا لە حوزەیرانی ساڵی 2018 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەنجام بدرێت، بۆیە بە بڕیارێكی پەرلەمانی کوردستان تەمەنی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک درێژکرانەوە.

پێنجەم: هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

دوای 18 ساڵ، لە 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکووک بەڕێوەدەچوو، کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی 2005 و رووداوەکانی 16ـی ئۆکتبەرەوە، بووە یەکەم هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە شارەکە، بەڵام بەهۆی دواخستنی بڕیاردان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە لەسەر دوو سکاڵای عەرەب و تورکمانەکان کە داوای دواخستنیان کردبوو، نیگەرانی لای هەموو لایەنەکان دروستکرد.

دوای چەندین جار لە دواخستنی دانیشتنەکانی، تەنیا شەش رۆژ پێش بەڕێوەچوونی دەنگدانی گشتی و چوار رۆژ پێش دەنگدانی تایبەت، لە رۆژی (12ـی کانوونی یەکەمی 2023) دادگای فیدراڵی بڕیاریدا، ئەو دوو سکاڵایەی رەتبکاتە کە داوایان کردبوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوابخرێت.

لەو دوو سکاڵایەدا داواکرابوو تۆماری دەنگدەرانی پارێزگای کەرکووک جارێکی دیکە وردبینی تێدا بکرێتەوە و ناوی 257 هەزار دەنگدەری کورد لە کەرکووک لە تۆمارەکە دەربهێندرێت، کە مەبەست لەو داوایەش بێبەشکردنی ئەو هاووڵاتییانەی کەرکووک بوو لە سەردەمی رژێمی بەعس ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بوونە و دوای ساڵی 2003 گەڕاونەتەوە کەرکووک.

شەشەم: دۆخی کەرکووک و یاسای هەڵبژاردنەکان

رۆژی (28ـی ئابی 2023) دادگای فیدراڵی بڕیاری ناده‌ستووریبوونی ژماره‌یه‌ك مادده‌ و بڕگه‌ی یاسای ژماره‌ی 4ـی ساڵی 2023ـی تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ده‌ركرد و لە خاڵی شەشەمدا، بڕگەی دووەمی ماددەی 37ـی بە نادەستووری داناوە کە تایبەتە بە سزادانی ئەو کەسانەی رێگری دەکەن لە کردنەوەی بارەگا یان چالاکی لایەنە سیاسییە رێگەپێداوەکان.

یه‌كێك له‌و ماددانه‌ی دادگای فیدراڵ بڕیاری ناده‌ستووریبوونی له‌سه‌رداوه‌، مادده‌ی 14ی یاساكه‌یه‌ کە بڕگەی دووەمی ماددەی 37ـی یاسای ژمارە 12ـی ساڵی 2018ـی هەمواکردووەتەوە كه‌ جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، "هه‌ركه‌س و لایه‌نێك رێگری له‌ حزبه‌ سیاسییه‌كان بكات له‌ كردنه‌وه‌ی باره‌گاكانیان و رێگه‌ نه‌دات حزبه‌كان موماره‌سه‌ی چالاكییه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانیان بكه‌ن، سزای زیندانیكردنی به‌لایه‌نی كه‌م بۆ ماوه‌ی ساڵێكی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرێت".

ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی رێگەخۆشکەر بوو بۆ ناسەقامگیربوونی دۆخی کەرکووک لە کاتێکدا لایەنەکان ئامادەکارییان دەکرد بۆ دەستپێکردنی کێبڕکێی هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و کاریگەری لەسەر رەوشی سیاسیی و دۆخی ئاسایشی هاووڵاتییان لە شارەکە و گوندە کوردنشینەکانی کەرکووک دروستکرد.

حەوتەم: یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کورسی پێکهاتەکان

رۆژی (27ـی کانوونی یەکەمی 2023) دانیشتنی دادگای فیدراڵی بۆ جاری حەوتەم بڕیاردانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کورسی کۆتاکان دواخست و بڕیارە جارێکی دیکە لە (21ـی کانوونی دووەمی 2024) کۆببێتەوە، لە کاتێکدا وابڕیارە رۆژی (25ـی شوباتی 2024) هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە و لە کۆبوونەوەی رۆژی (12ـی کانوونی یەکەمی 2023)ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بودجەی پێویست بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە پەسەندکرا.

بەگوێرەى ماددەى 36ـی یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، پێنج کورسی کۆتا بۆ کلدان، سریان و ئاشوورییه‌كان تەرخان كراوه‌، لەگەڵ یەک کورسی بۆ پێکهاتەى ئەرمەن و پێنج کورسیش بۆ تورکمانەکان، به‌ڵام هه‌ندێك لایه‌ن به‌ تۆماركردنی سكاڵا له‌ دادگای فیدراڵی عێراق، هه‌وڵده‌ده‌ن ده‌ستكاری كورسی كۆتاكان بكرێت و كه‌مبكرێنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ جێی نیگه‌رانی پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان.

سکاڵاکان لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرەبازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون.