مایڵز كاگینز: هێرشی گرووپە چەکدارەکان کاریگەری لەسەر ئابووری عێراق دەبێت

مایڵز كاگینز، ئەندامی باڵا لە پەیمانگەی نیوڵاینزی ئەمەریکی
مایڵز كاگینز، ئەندامی باڵا لە پەیمانگەی نیوڵاینزی ئەمەریکی

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی باڵا لە پەیمانگەی نیوڵاینزی ئەمەریکی ئاماژە بەوەدەکات، هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەمێننەوە، هەروەها ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگەش.

مایڵز كاگینز، ئەندامی باڵا لە پەیمانگەی نیوڵاینزی ئەمەریکی، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، ئێستا کاتێکی زۆر سەختە بۆ ئەمەریکا کە بڕیارێکی گرنگ لەبارەی ئەوە بدات کە لە عێراق و سووریا چی روودەدەن، هەروەها هێزەکانی ئەمەریکا لە ساڵی 2014ـەوە هاتوونەتە عێراق و سووریا بۆ رووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنی داعش .

ئەو ئەندامەی پەیمانگەی نیوڵاینزی ئەمەریکی، ئاماژەی بەوەدا، لەو ماوەی ئەو چەند مانگەدا هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا زیاتر لە 100 هێرشیان کراونەتەسەر، گرووپە تیرۆرستییەکانی نزیک لە ئێران دەیانەوێت ئەمەریکا لە عێراق و سووریا دەربکەن.

لەبارەی مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، مایڵز كاگینز گوتی: ئەمەریکا لە عێراق دەمێنێتەوە، چونکە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق جگە لەڕووی سەربازی، لەڕووی ئابوورییەوەش زۆر باشە، بەڵام دۆخەکە لە سووریا جیاوازترە، چونکە لە سووریا ئێران و رووسیای لێیە هەموویان دەیانەوێت ئەمەریکا بکەنەدەرەوە.

لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ئەو ئەندامەی پەیمانگەی نیوڵاینزی ئەمەریکی، دەڵیت: پیرۆزبایی لە خەڵکی دەکەم کە ئەم هەڵبژاردنە دەرەنجامێکی باشی هەبووە، لە کەرکووك بە دیاریکراوی بۆ کورد باش بووە، هەروەها لە ئەمەریکاش هەڵبژاردنمان لەپێشە کە بایدن رووبەڕووی ترەمپ دەبێتەوە.

مایڵز كاگینز، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە هاوکاری ئەمنی عێراق، هەروەها هەموو ساڵێک یەک ملیار دۆلار دەداتە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگەش.

گوتیشی: ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی چەک و کەرستە بۆ پێشمەرگە، هەروەها بەردەوام دەبێت لە چاکسازی لەو وەزارەتە.

لەبارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا، ئەو ئەندامەی پەیمانگەی نیوڵاینزی ئەمەریکی، باسی لەوەکرد، هێرشی میلیشیاکان بە دڵنیاییەوە زیان بە ئاسایش و ئابووری عێراق دەگەیەنێت، بۆیە دەبێت ئەو هێرشانە رابگیرێت.

مایڵز كاگینز، روونیکردەوە، زۆر گرنگە هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانن لە عێراق بمێننەوە تا ئەو کاتەی کە عێراق بیسەلمێنێت سەقامگیرییەکی سیاسی هەیە، هەروەها بیسەلمێنێت کە هێزێکی هەیە دەتوانێت وڵاتەکەی بپارێزێت.

ئەو ئەندامەی پەیمانگەی نیوڵاینزی ئەمەریکی، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەمەریکا نایەوێت جەنگ لەگەڵ ئێران دەستپێبکات، هەروەها ئەمەریکا رێز لە سەروەری خاکی عێراق دەگرێت. هەروەها گوتیشی: ئەمەریکا پێویستە بەرگری لە سەربازەکانی خۆیان بکەن، ئەو هێرشانەی کە کراونەتەوە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمەریکا تا ئێستا نەبووەتە هۆی کوژرانی سەربازێکی ئەمەریکا، ئەگەر سەربازێکی ئەمەریکی بکوژرێت ئەو کاتە ئەمەریکا هێرشێکی سەرتاسەری دەکاتە سەر میلیشیاکان.