دژەتیرۆری کوردستان: لە گەڕەکی قەڵاتی نوێ لە هەولێر نارنجۆکێک تەقیوەتەوە و هێرشی درۆنی نەبووە
K24 – هەولێر:
دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند رووداوەکەی گەڕەکی قەڵاتی نوێ لە هەولێر تەقینەوەی نارنجۆکێک بووە نەک هێرشی درۆنی.
لە راگەیەندراوێکدا دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاندووە: "ئەمشەو شەممە 30ی کانوونی یەکەمی 2023، دەنگی تەقینەوەیەک لە گەڕەکی قەڵاتی نوێ لە شاری هەولێر بیسترا و لە چەند دەزگایەکی میدیایی وا بڵاو کرایەوە کە لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کراوەتە سەر هەولێر".
دژەتیرۆری کوردستان روونیکردووەتەوە: "لای خۆمانەوە ڕایدەگەیەنین ئەم هەواڵە بێبنەما و ناڕاستە و ئەو دەنگەشی کە بیستراوە تەقینەوەی نارنجۆکێک بووە و، دەزگا ئەمنییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لەو بارەوە".
دژەتیرۆری کوردستان داوا لە کەناڵەکانی راگەیاندن و دەزگا میدیاییەکان دەکات، پابەندی بنەماکانی راگەیاندن بن و راستگۆیانە هەواڵ و زانیارییەکان بگوازنەوە و بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ هەر جۆرە رووداوێکدا بکەن و نەبنە هۆکاری دڵەڕاوکێ لە لای هاووڵاتییان