ئیسرائیل: ئێران بۆ ئێمە و هەموو جیهان کێشەیە
K24 - هەولێر
پیتەر لێرنەر، گوتەبێژی هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، ئێران بۆ وڵاتەکەی و جیهان کێشەیە. حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێرانیش ئاماژە بەوە دەدات، تۆڵەی سەید رەزا مووسەوی بە لەناوبردنی ئیسرائیل دەكەنەوە.
دوای پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەهۆی شەڕی غەززەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی سەید رەزا مووسەوی، یەکێک لە ڕاوێژکارانی بەئەزموونی سوپای پاسداران و بەرپرسی پشتیوانیی بەرەی موقاوەمە لە سووریا لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژرا، لێدوانەکانی بەرپرسانی هەردوولایەن دژی یەکتر چڕ بوونەتەوە.
پیتەر لێرنەر، گوتەبێژی هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئێران نەک تەنیا بۆ ئیسرائیل، بەڵکوو بۆ هەموو جیهان کێشەیە، بۆیە هێزەکانیان بەتەواوی لە ئامادەباشیدان.
پیتەر لێرنەر گوتی: "پێمان وایە ئێران نەک تەنیا بۆ ئیسرائیل، بەڵکوو بۆ هەموو جیهان کێشەیە. دەبینین حەماس چۆن هێرشی کردووە. ناتوانین ڕێگە بدەین ئەمە ببێتە بنچینەیەکی نوێی تیرۆر، ئەمە بۆ هەمووان خراپ دەبێت. ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر بنکە و هێزەکانی ئەمەریکا، یان بەریتانیا، یاخود ئەگەر حوسییەکان لە جێگەی ئێران ئەوە بکەن، پێویستە پەیامێکی زۆر ڕوون بنێرین، ئەم جۆرە دوژمنایەتی و شەڕەنگێزییە لە هیچ شوێنێک قبووڵ ناکرێت. ئێران تاوانبارە، بەڕژدییش لە ناسەقامگیرکردنی ناوچەکەدا بەشدارە".
هاوکات حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران، لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی سەید رەزا مووسەوی لە تاران قسەکانی گوتەبێژی سوپای لەبارەی هێرشەکەی ئەم دواییەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیلی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، هێرشەکەی تۆفانی ئەقسا هێرشێکی تەواو فەلەستینی بوو. گوتیشی، تۆڵەی سەید ڕەزی مووسەوی بە لەناوبردنی ئیسرائیل دەكەنەوە.
سەلامی ئەوەی خستەڕوو: "بەفەرمی ڕایدەگەیەنم، تۆفانی ئەقسا هێرشێکی تەواو فەلەستینی بووە و فەلەستینیشە. هەرگیز لەبەرامبەر شەهیدكردنی ڕۆڵەکانی ئەم گەلە بێدەنگ نابین، تۆڵەسەندنەوەکەمان وەک هەمیشە سەخت دەبێت؛ بەڵام تۆڵەیەک کە بتوانێت قەرەبووی شەهیدبوونی سەید ڕەزی مووسەوی بکاتەوە، ئەمەش بە لەناوبردنی ڕژێمی زایۆنی دەکرێت".
ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر گوتەبێژی سوپای پاسداران گوتبووی، ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی ئەقسا لەلایەن حەماسەوە بۆ توڵەسەندنەوەی کوژرانی قاسم سولەیمانی بووە. دواتر بزووتنەوەی حەماس ئەم گوتانەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، هۆکاری ئۆپەراسۆنەکە وەڵامدانەوەی داگیرکاری و دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر گەل و پیرۆزییەکانیان بووە.
