هاوپەیمانان چەند پێگەیەکی گرووپە چەکدارەکانیان کردە ئامانج
K24 - هەولێر
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی چەند پێگەیەکی گرووپە چەکدارەکانیان لە دێرەزوور و سنووری عێراق- سووریا بۆردومان کرد.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو هێزەکانی هاوپەیمانان لە رێگەی مووشەکی زەمین و فڕۆکەی جەنگییەوە چەند بنکە و پێگەیەکی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانیان لە دێرەزوور و سنووری سووریا - عێراق بۆردومان کردووە.
تائێستا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی زیانی هێرشەکانی شەوی رابردووی بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان رانەگەیەندووە.
لەلایەکی دیکەوە بڵاوکرایەوە، بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئەلبوکەمال 23 چەکداری سەر بە ئێران کوژراون، کە پێنجیان بەرەگەز سووری و 18 یان لوبنانی و ئەوانەی دیکەش عێراقی و ئێرانین.
ئەمە لەکاتێکدایە لە سەرەتای جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس، هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و سووریا بۆ سەر بنکەکانی هاوپەیمان زیادیکردووە، لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە تائێستا زیاتر لە 100 جار هێرشکراوەتە سەر بنکەکانی ئەمەریکا، لە بەرامبەریشدا ئەمەریکا چەندین بنکەی گرووپە چەکدارەکانی کردووەتە ئامانج.