کامل بەرزنجی: لەسنووری هەولێر 13 هەزار پرۆژە هەیە
K24 – هەولێر :
نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لیژنەی جێبەجێکردنی بڕیاری 172 ی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ دامەزراندنی 75% ی دەستیکاری ناوخۆ لە پرۆژە و کارەکان رایگەیاند: کۆمپانیا و پرۆژەکان بۆیان هەیە بە رێژەی 80% بۆ 85% دەستیکاری ناوخۆ لە پرۆکەکانیان زیاد بکەن، بەڵام بۆیان نیە لە 25٪ زیاتر دەستیکار بێنن بۆ پرۆژەکانیان.
کامل بەرزنجی نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لیژنەی جێبەجێکردنی بڕیاری 172 ی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ دامەزراندنی 75% ی دەستیکاری ناوخۆ لە پرۆژە و کارەکان لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بە کوردستان24ی راگەیاند: رۆژی سێشەممە کە دەست بە دەوامی فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە، راستەخۆ بڕیاری ژمارە 172 ی ئەنجوومەنی وەزیران جێبەجێدەکرێت.
نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەکرد، ئەو بڕیارە دەستکەوتی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە پێشتر بەشێوەیەکی هەرەمەکی کارمان کردووە و دەستیکاری بیانی و ناوخۆیی بەلانسێکی نەبووە، لەبەر ئەوە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بۆ رەخساندنی هەلیکار بۆ دەستیکاری ناوخۆ ئەو بڕیارەی دەرکرد، ماوەی شەش مانگ بە کۆمپانیا و پرۆژەکان دراوە بۆ ئەوەی خۆیان لەگەڵ بڕیارەکە بگونجێنن.
کامل بەرزنجی رایگەیاند: ساڵی 2023، رێژەی هاتوچۆ لە دەروازەی حاجی ئۆمەران نزیکەی 900 هەزار کەس بووە لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بۆ کاری رۆژانە، دوای جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە، کارتی رێگەپێدانی کارکردن بۆ کرێکاری بیانی دروستدەکرێت لە هەرێمی کوردستان، ئەوکاتە دەرفەت بە کۆمپانیا و خاوەن پرۆژەکان نادرێت بە خواستی خۆیان خەڵکی بیانی بێنن بۆ کار و، دەرفەتی کار نەدەن بە دەستیکاری ناوخۆیی.
دەشڵێت: لە سنووری پارێزگای هەولێر نزیکەی 13 هەزار پرۆژە هەیە، ئاماژەی بەوەکرد، داتای پرۆژەکان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە داواکراوە، بۆ هەر پرۆژەیەک کە پێویستی بە کرێکارێکی کارامەی بیانی بێت، پێویستە خاوەنی پرۆژەکە پێشوەختە مەرجی رێژەی 75% ی کرێکاری دەستی ناوخۆیی جێبەجێ کردبێت، ئەوکاتە 25% ی دیکە بۆیان ئارەزوومەندانەیە کرێکاری بیانی بێنن.
ئەو نوێنەرەی وەزارەتی ناوخۆ تیشکی خستە سەر ئەوەی،لەچەند سێکتەرێک بڕیارەکە جێبەجێکراوە و پرۆژەکان ئێستا لەژێر چاودێرین لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و نەوت و کانزاکان، فێرکاری و قوتابخانە نێودەوڵەتیەکان، دەڵێت: بڕیارەکە جیاکاری بۆ هیچ کەس و پرۆژەیەک نییە، دەشتوانرێت کرێکارانی کارامەی کوردستان رەوانەی دەرەوە بکرێن بۆ کار بەشێوەیەکی یاسایی، بڕوامان وایە دەستیکاری کوردستان توانایەکی باشیان هەیە و لەلایەن پرۆژەکانەوە پەسند کراون.
رۆژی دووشەممەی ( 25-ی کانوونی یەکەمی 2023)، پارێزگای هەولێر لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەسەر بڕیاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بۆ ڕەخساندنى دەرفەتى کار بە ڕێژەى لە 75% بۆ هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان لە کەرتى تایبەت و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى و دابینکردنى ئاسایشى کار، لەگەڵ نەفەوتانى مافەکانی کرێکاران و چاودێریکردنى خاوەن کار و پڕۆژەکان، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د.عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکى فەرمانگەى هەماهەنگى و بەدواداچوونى حکومەتى هەرێم، لە دیوانى پارێزگای هەولێر، کۆبوونەوەی هاوبەشی لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى بڕیارى ژمارە (172) و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان ئەنجامدرا.
بەپێی راگەیاندراوی پارێزگای هەولێر، لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خراوەتە سەر میکانیزمى جێبەجێکردنى بڕیارى سەرۆکوەزیرانی هەرێمى کوردستان و بڕیارى ژمارە (172)ى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان، لەگەڵ ڕێنماییە تایبەتیەکانى.
پارێزگای هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران هاوکار و هەماهەنگى بەڕێوەبەرایەتى گشتیى دەستبەرى کۆمەڵایەتى بن لە سەرەتاى ساڵى نوێوە.