مەولود سابیر: تا ئایاری 2024 مووچەخۆرانی هەولێر بەشێوەی کارت مووچە وەردەگرن

K24 – هەولێر :
بەرێوەبەری گشتیی بانکی بازرگانیی لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، تاوەکو مانگی ئایاری ساڵی 2024 تەواوی مووچەخۆرانی هەولێر بەشێوەی کارت مووچەی خۆیان وەردەگرن، تا ئێستاش چوارهەزار مووچەخۆر بە کارت مووچەکانیان وەردەگرن.
مەولود سابیر، بەرێوەبەری گشتیی بانکی بازرگانیی لە هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: بانکی نیشتیمان هەموو رێکارەکانی لە هەرێمی کوردستان تەواو بووە، بەراییەکانی پرۆژەی دامەزراندنی ئەو بانکە رەوانەی بانکی ناوەندی عێراق و بەرێوەبەرایەتی گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان کەلە وەزارەتی بازرگانیی عێراق کراوە، بڕیارە لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رەزامەندیمان بۆ بگەڕێتەوە .
بەرێوەبەری گشتیی بانکی بازرگانیی لە هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، دامەزراندنی بانکیی نیشتیمان یەک لە پرۆژەکانی چاکسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە خزمەت بە هەموو تاکێکی کوردستان دەکات لە کەمترین مووچەی فەرمانبەرێک، تا دەگاتە گەورە وەبەرهێنەرێک، دەشڵێت: ئەو بانکە دەبێتە هۆکارێک بۆ بەگەڕخستن و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، هەنگاوێکی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ چاکسازیی لە کەرتی بانکیی، بۆ ئەوەی بتوانین شانبەشانی بانکە پێشکەوتووەکان، کاری بانکیی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامبدەین.
ئەو بەرپرسە بانکییە رایگەیاند: 94 بانکی هەرێمی کوردستان، زۆرینەیان کاری دابەشکردنی مووچە دەکەن، بۆیە لە قۆناغی یەکەمدا دابەشکردنی مووچە لە بانکەکان ناهێڵین، بە پرۆژەی ئەژماری من چارەسەری پرسی دابەشکردنی مووچە دەکەین، کە پرسی دابەشکردنی مووچە لە بانکەکان نەما، راستەخۆ بانکەکان کاریی بانکیی خۆیان دەکەن، دوای ئەوە ژمارەی بانکەکان کەم دەکەینەوە.
مەولود سابیر ئاماژەی بەوە کرد، تەواوی مووچەخۆران لە پرۆژەی هەژماری من لە هەولێر تۆمارکراون و پێنج بانک بەشداریان لە پرۆژەکە کردووە، هاوکات50 ATM ئێستا لە هەولێر کار دەکەن، چوار هەزار مووچەخۆر ئێستا لە ATM مووچەکانیان وەردەگرن، تاوەکو مانگی ئایاری ساڵی 2024، تەواوی مووچەخۆرانی شاری هەولێر بەشێوەی کارت مووچەی خۆیان وەردەگرن.
دەشڵێت، لە مانگی کانوونی دووەمدا دەست بە تۆمارکردنی خانەنشینان دەکرێت، بۆ ئەوەی ئەوانیش لە رێگەی ATM ەکان مووچەکانیان وەربگرن، ئاماژەی بەوە کرد، تۆمارکردنی نوێ لە پرۆژەی ئەژماری من لە مانگی شوباتەوە دەستپێدەکاتەوە بۆ تۆمارکردنی مووچەخۆرانی دهۆک و سلێمانی.
بەرپرسە بانکیەکە نەیشاردەوە کە، ئەو پارەیەی بۆ مووچە پێویستە، دەیدەینە بانکە بەشداربووەکان، دوای ئەوە پارەکان دەخرێنە نێو ATM ەکان و مووچەخۆران دەتوانن رایکێشن، بانکی نیشتیمانیش چارەسەری کێشەکانی قەرز و پێشینەکان دەکات.