لە ئیسرائیل کەسێک بۆ دزینی چەک و تەقەمەنی خۆی دەکاتە سەرباز

وێنەی تۆمەتبارەکە لەگەڵ ناتانیاهۆ
وێنەی تۆمەتبارەکە لەگەڵ ناتانیاهۆ

K24 - هەولێر

کەسێکی ئیسرائیلی بەفێڵ خۆی کردووەتە پۆلیس و دواتر سەرباز، بۆ ئەوەی چەک بدزێت و دواتر لە بازاڕی رەشدا بیفرۆشێتەوە، بەڵام ئاشکرا بووە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.

دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل تۆمەتی دزینی چەک و تەقەمەنی پۆلیس و سوپایان ئاراستەی سەربازێک کرد، ئەمەش دوای ئەوەی ئیسرائیلییەک توانی سوود لە پشێوی هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر، وەربگرێت و بچێتە ریزەکانی پێشەوەی سوپا و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ و وەزیری بەرگری یۆئاڤ گالانت وینە بگرێت.

"رۆی یەفراخ" دانیشتووییەکی شاری تەلئەڤیڤە، بە تۆمەتی دزینی چەک و هەوڵدان بۆ فرۆشتنی لە بازاڕی رەشدا تۆمەتبارکراوە.

بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، رۆی یەفراخ لە 17ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ دەستگیرکراوە، دوای ئەوەی لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە ناسنامەی ساختەی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی وا خۆی نیشان بدات کە یەکێکە لە سەربازەکانی ئیسرائیل.

رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل بڵاویکردەوە، "یەفراخ تەمەن 35 ساڵ، هەرگیز لە سوپای ئیسرائیلدا خزمەتی نەکردووە، بەڵام توانیویەتی بچێتە ناو ئەو ناوچانەی باشوورەوە کە هێرشەکانی حەماسی تێدابووە و خۆی وەک پۆلیسێک دەربخات، دواتر وەک سەربازێک خۆی نیشان داوە لە یەکەی دژە تیرۆر کە بە "یمام" ناسراوە. جگە لەوەی خۆی وەک بریکارێکی سیخوڕی لە شاباک نیشان داوە".

کەناڵی 12ـی ئیسرائیل وێنەیەکی پەخش کردووە کە بە گوتەی ئەو، گەنجەکە جل وبەرگ و ئامێری تەواوی شەڕی لە بەردایە لەگەڵ سەربازەکانی دیکە شانبەشانی ناتانیاهۆ، لە شوێنی نیشتنەوەی کۆپتەرەکان وەستاوە.

یەفراخ پێنج تۆمەتی لەسەرە، کە بریتین لە ساختەکاری و دزی، هەروەها زۆرترین سزاکەی دەگاتە 36 ساڵ زیندانیکردن.

رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە کە ناسنامە ساختەکان ئاسانکاری بۆ تۆمەتبارەکە کردووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەک و تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازی و کەرەستەی پۆلیس، دەسەڵاتداران تفەنگێک و جۆرەها فیشەک و بۆمبی دوکەڵییان لە ماڵەکەیدا دۆزیەوە.

لای خۆیەوە پارێزەر ئیتان ساباغ کە بەرگری لە تۆمەتبارەکە دەکات، رایگەیاندووە، "پێویستە ئەوکەسە دەستخۆشی لێبکرێت کە خۆبەخشانە هاوکاری سوپای کردووە دوای هێرشەکان"، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو وەک فریاگوزاری کردووە "گیانی رزگارکردووە، و ژیانی خۆی دەخستە مەترسییەوە .

پارێزەرەکە دەشڵێت: بریکارەکەی لە 7ـی تشرینی یەکەمدا بە شێوەیەکی سەربەخۆ گەیشتووەتە کیبوتس "کەفار غەززە"، پێش ئەوەی پەیوەندی بە "یەکەیەکی شەڕکەری تایبەتەوە بکات لە ناو غەززە، رووبەڕووی حەماس شەڕی کردووە، بە رەزامەندی سوپای ئیسرائیل، و بەکارهێنانی ئەو ئامێرانەی دەستی کەوتووە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، "بێماناییە، ئیسرائیل ناتوانێت هاووڵاتیانی خۆی بپارێزیت، بەڵام بەدوای هاووڵاتییەکدا دەچێت کە خۆبەخشانە پارێزگاری لێکردووە".

رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون، هاوکات زیاتر لە 240 هاووڵاتی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران. هه‌روه‌ها بەگوێرەی ئاماری سوپای ئیسرائیل لە دەستپێکی شەڕی غەززە تا ئێستا زياتر له‌ 500 سەربازی ئیسرائیل کوژراون.

هەروەها بەگوێرەی تەندروستی غەززە "ئاماری کوژرانی فەڵەستنییەکان گەیشتووەتە زیاتر لە 21 هەزار کەس، هەروەها زیاتر لە 56 هەزارکەسیش برینداربوون".