ناسر هەرکی: ئاشکرایە گرووپە لە یاسا دەرچووەکان کێن، بەڵام کەسیان دەستگیر ناکرێن

ناسر هەرکی، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق
ناسر هەرکی، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی لێژنەی ئاسایش و بەرگری خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: ئەو گرووپە لە یاسا دەرچووانە دیار و ئاشکران کە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان. ئاماژە بەوەش دەکات، زۆر جار لە لێکۆڵینەوەکان بکەرەکانیش دیاریکراون بەڵام حکومەتی عێراق توانای دەستگیرکردنیانی نەبووە.

عێراق وڵاتی میلیشایاکان، ئەو دەوڵەتەی ئامادەیە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمێکی دەستووری وڵاتەکە ببڕێت، بەڵام لەبەرامبەردا بوودجەیەکی گەورە دەخاتە بەردەم ئەو گرووپە چەکدارانەی کە لە یاسا دەرچوون و بە درۆن هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان.

ناسر هەرکی، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووانە دیار و ئاشکران کە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان، زۆر جار لە لێکۆڵینەوەکان بکەرەکانیش دیاریکراون، بەڵام حکومەتی عێراق توانای دەستگیرکردنیانی نەبووە.

هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان هیچ پاساوێکی نییە، هەموو ئەو بیانوویانەی زۆر جار بۆ پەلاماردانی ھەرێم دەھێنرێنەوە، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە رەتدەکرێنەوە، چونكە راست نیین.

غانم عابد، شارەزای سیاسی بە کوردستان24ـی گوت: گرووپە چەکدارەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی باڵای عێراقەوە پشتیوانی دەکرێن، چونكە ئەوان لەسەرووی حکومەتەوەن.

پاش ھێرشی گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان، بە درۆن بۆ سەر بنکەیەکی هێزی پێشمەرگە لە سنووری پارێزگای هەولێر، و دوای پەیام و هۆشدارییەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەزگا ئەمنییەکانی راسپارد لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە بکەن.