خالید حەیدەر: لە سبەیەوە عێراق مامەڵەکردن بە دۆلار رادەگرێت

K24 – هەولێر :
پسپۆرێکی بواری ئابووری رایدەگەیەنێت، عێراق بە گرتنە بەری چەند رێوشوێنێکی جیاواز، دەتوانێت شکۆ بۆ دراوی عێراقی بگەڕێنێتەوە بەرامبەر بە دۆلار.
ئەمڕۆ دوو شەممە ( 1ی کانوونی دووەمی 2024)، خالید حەیدەر پسپۆری ئابووری بە کوردستان24ی راگەیاند: راوێژکاری ئابووری سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، شکۆ بۆ دراوی عێراق دەگەڕێننەوە، ئەویش بە مامەڵە نەکردن بە دۆلار لە ساڵی تازەدا کە ئیدی مامەڵە بە دراوی ناوخۆ دەکرێت.
ئەو پسپۆرە ئابوورییە دەڵێت: حکومەتی عێراق دەیەوێت لە سبەیەوە دەست بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە بکات، دەشڵێت: دوێنێ بانکی ناوەندی بڵاوی کردۆتەوە کە تەنها بۆ چوار پۆل مامەڵە بە دۆلار دەمێنێت، ئەوانیش دیبلۆماتکار و ئاژانسی نێودەوڵەتی و رێکخراوە نا حکومیەکان. لەگەڵ 40% ی هەناردەکاران، ئەوانی دیکە هەمووی بە دراوی ناوخۆ مامەڵە دەکەن.
خالید حەیدەر یاماژە بەوە دەکات، ئەگەر هەر رۆژێک بانکی ناوەندیی راگەیاندراوێک بڵاو بکاتەوە و پێچەوانەی راگەیاندنەکانی پێشووی بێت، ئەوە شکۆ بۆ دراوی عێراقی ناگەڕێتەوە، کە باس لەوەش دەکرێت سەرۆکوەزیرانی عێراق هەوڵدەدات لەگەڵ ئێران مامەڵەیەک بکات بەشێوەیەک نەکەوێتە ژێر سزا ئابوورییەکان کە سەپێندراوە بەسەر ئێراندا، بەو واتایە دێت کە مامەڵە بە تومەنی ئێرانی بکرێت، یاخود هەر دراوێک بەدەر لە دۆلار کە لەگەڵ ئێران مامەڵەی پێوە بکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، خالید حەیدەر رایدەگەیەنێت: ئەگەر حکومەتی عێراقی بتوانێت راگەیاندراوەکانی خۆی بەو شێوەیە جێبەجێ بکات بەو شێوەیەی رایگەیاندووە، بەوەی هیچ مامەڵەیەک نابێت بە غەیری دیناری عێراقی بکرێت، هەروەها مامەڵە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئێران کە رێژەی زۆر لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی عێراق پێکدێنێت لەگەڵ وڵاتان، بیکاتە دراوێکی غەیری دۆلار، لەگەڵ تورکیا و چینیش بەهەمان شێوە، واش بکات دۆلار دزەی پێ نەکرێت، بەهای دیناری عێراقی بەرزدەبێتەوە و شکۆی بۆ دەگەڕێتەوە.