وەزیری بەرگری ئیسرائیل: هاووڵاتییان دەتوانن لە نزیک غەززە بگەڕێنەوە ماڵەکانیان
K24 - هەولێر
وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، هاووڵاتییانی ئیسرائیل دەتوانن بگەڕێنەوە ناو ماڵەکانی خۆیان لە نزیک غەززە.
یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو هاووڵاتییە ئیسرائیلییانەی ماڵەکانیان دەکەوێتە چوار بۆ حەوت کیلۆمەتر "نزیکەی چوارمیل" لە کەناری باکووری غەززە، دەتوانن دەست بە گەڕانەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان بکەن.
یۆئاڤ گالانت لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن لە نزیک سنووری غەززە گوتیشی: گەڕانەوەی هاووڵاتییان بۆ ئەوەیە تاوەکو ژیان لێرە بۆ رێڕەوی خۆی بگەڕێتەوە و هێزەکانی ئیسرائیلیش ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن.
سوپای ئیسرائیل لە غەززە دەستیکردووە بە کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازەکانی، لە هەمان کاتدا کە خۆی بۆ شەڕێکی درێژخایەن لە ماوەی ساڵی 2023دا ئامادە کردبوو.
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە دوو لیوای 551 و 14 سەربازە یەدەگەکان، ئەم هەفتەیە دەگەڕێنەوە بۆ ناو خێزانەکانیان و دەستکردنەوە بە ژیانی ئاسایی خۆی، ئاماژەشیکرد، پێشبینی دەکرێت ئەم هەنگاوانە بارگرانی ئابووری کەم بکاتەوە.
رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون، هاوکات زیاترلە 240 هاووڵاتی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە دهستبهسهر كران.
ههروهها بەپێی ئاماری سوپای ئیسرائیل لە دەستپێکی شەڕی غەززە تا ئێستا زياتر له 500 سەربازی ئیسرائیل کوژراون.
ئا: لاڤین عومەر