ئێران کەشتییەکی جەنگی بۆ پشتیوانیکردنی حوسییەکان دەنێرێتە دەریای سوور

K24 - هەولێر

رۆژێک دوای ئەوەی واشنتن یەکەم هێرشی کردە حوسییەکان لە دەریای سوور، لە بەرامبەر بە ئامانجگرتنی کەشتییە نێودەوڵەتییەکان، ئێران راگەیاند، کەشتییەکی جەنگی بۆ ناوچەکە دەنێرێت بۆئەوەی پشتیوانی لە گرووپە لایەنگرەکانی بکات.

ئەو گورزەی کە بەر گرووپی حوسییەکان کەوت بووە هۆی ئەوەی گوتەبێژی حوسییەکان محەممەد عەبدولسەلام فلیتە، داوای یارمەتی لە ئێران بکات، فلیتە گوتی: "لە تاران لەگەڵ سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، کۆبوومەوە بۆ تاوتوێکردنی پرس و بەرژەوەندییە هاوبەشکانمان".

لای خۆیەوە ئاژانسی میهری ئێرانی بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا هەردوولا باسیان لە پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە کردووە و رایگەیاندووە، ئەو بەرپرسە ئێرانییە ستایشی هەڵسوکەوتی حوسییەکانی کردووە کە هەڕەشە لە کەشتییە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سوور دەکات.

جگە لەوەش هەمان ئاژانس دوێنێ دووشەممە رایگەیاند، کەشتییەکی وێرانکەری ئێرانی بە یاوەری کەشتییەکی سەربازی لە دەریای سوور نزیک دەبێتەوە بۆ ئەوەی لە نزیک گەرووی باب ئەلمەندەب نیشتەجێ بێت، ئەوەشی خستووەتەڕوو، کەشتیی وێرانکەری "ئێران ئەلبورز" کە بە کەشتیی سەربازی "بوشەهر" بەرەو دەریای سوور رۆیشتووە، بە مووشەکی کروزی دەریایی دوور مەودا تەیار کراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا، تاوەکو ئێستا حوسییەکان نزیکەی 24 هێرشییان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور، لەگەڵ بەکارهێنانی زیاتر لە 100 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک، کە بووەتە هۆی ئەوەی ئەو هەڕەشانە بە جددی وەربگیرێن، کەهۆکاری پێکهێنانی هاوپەیمانییەک بە ناوی "پاسەوانی خۆشگوزەرانی"، بۆ پاراستنی کەشتییەکان.

لەم چوارچێوەیەدا رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی دوێنێ دووشەممە، لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، کە بەرپرسانی پێنتاگۆن پلانی وردیان بۆ هێرشکردنە سەر بنکە مووشەکییەکانی حوسییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی یەمەن داڕشتووە، بەڵام ترس هەیە کە ئەمە لە بەرژەوەندی ئێراندا تەواوبێت.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرکردە باڵاکانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا فشار دەکەن بۆ ئەوەی رێوشوێنی توند لە دژی بریکارەکانی ئێران لە ناوچەکە بگرنە بەر.

رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکاوە رایگەیاندووە، دەبێت بۆ لێدانی شوێنە مووشەکییەکانی حوسییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی، چاوەڕوانی ئەوە بکەن کە ئایا حوسییەکان دوای کوشتنی ئەندامەکانیان هێرشەکان رادەگرن یان نا.

رۆژنامەی  "سەندەی تایمز"ـی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە، کە لەندەن لەگەڵ واشنتن خۆی بۆ هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنکەی ئامانج ئامادە دەکات و رەنگە ئۆپەراسیۆنەکان لە دەریا یان لە ناوخۆی یەمەندا بن، هەروەها گرانت شاپس، وەزیری بەرگری بەریتانیاش گوتی: ئەگەر حوسییەکان هەڕەشە لە ژیان و بازرگانی بکەن، دەبێت رێوشوێنی پێویست و گونجاو بگرینەبەر.

ڕۆژی یەکشەممە هەلیکۆپتەرە ئەمەریکییەکان سێ بەلەمی حوسییەکانیان تێکشکاند و 10 چەکداری ناو بەلەمەکانیشیان کوشت، کاتێک هەوڵیاندەدا دەست بەسەر کەشتییەکی بازرگانی نێودەوڵەتی لە باشووری دەریای سووردا بگرن، بەگوێرەی قسەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا بەلەمی چوارەم هەڵهاتوون.