درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر خرایە خوارەوە

K24 - هەولێر
دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر خرایە خوارەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 2ی کانوونی دووەمی 2024، کاتژمێر 9:52، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە لە لایەن میلیشیا لە یاسادەرچووەکانەوە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوو، تێکشکێندراو خرایە خوارەوە.
لە ماوەی سێ رۆژدا ئەمە دووەم درۆنی گرووپە لە یاسا دەرچووەکانە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەخرێتە خوارەوە.
پێشتر دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاندبوو، رۆژی یەکشەممە 31ی کانوونی یەکەمی 2023، کاتژمێر 16:54، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە لە لایەن میلیشیا لە یاسادەرچووەکانەوە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوو، تێکشکێندرا و خرایە خوارەوە. رۆژێک پێشتریش لە 30/12/2023 بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری پیرمام-هەولێر، کە خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبوو.
دوای هێرشە درۆنییەکە بۆ سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو)، پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "نیگەرانیی قووڵی خۆمان بەرامبەر هێرشە تیرۆریستییەکە بۆ سەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە باکووری رۆژهەڵاتی هەولێر دەردەبڕین. بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشی هێزەکانی دەرەوەی یاسا و هاوکارەکانیان دەکەم".
مەسرور بارزانی ئاماژە بەوەشدا: "ئێمە باش لەو یارییانە تێدەگەین کە کەسانی لە یاسادەرچوو لە پشتیانەوەن، مافی ئەوەشمان هەیە بەرگری لە گەلەکەمان بکەین".
سەرۆکوەزیران بە پێویستی دەزانێت "حکومەتی فیدراڵ هەر هێرشێک بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە هێرش بۆ سەر هەموو عێراق ببینێت و هەڵوێستی جیددی هەبێت و بە کردەوە وەڵام بداتەوە، چونکە بێ هەڵوێستیی، میلیشاکان زیاتر هان دەدات بۆ دەستدرێژی، ئەوان پارە و چەکی دەوڵەت بەکاردەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان و ناسەقامگیرکردنی هەموو وڵات و دروستکردنی شەڕو ناکۆکی لە وڵاتێکدا کە خوێنڕشتنی زۆری بەخۆیەوە دیتووە".
مەسرور بارزانی داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی کرد "بە کردەوە رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە و سزادانی گرووپەکان و کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی بۆ هێرش بەکار دەهێنرێن".