رۆژنامەیەک ناوی پێنج سەرکردەی سوپای پاسدارانی بڵاوکردەوە کە لە نزیک دیمەشق کوژراون
K24 - هەولێر
سەرچاوە مەیدانییەکان ئاشکرایان کردووە، زۆرترین ژمارەی کوژراوانی میلیشیاکانی ئێران لە سووریا، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانیەکانی ئەمدواییەی نزیک دیمەشقی پایتەخت بووە، کە لە نێویاندا بەرپرسانی باڵای نەتەوە جیاوازەکانی تێدایە.
لەراپۆرتێکی رۆژنامەی "شەرقولئەسەت" داهاتووە، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان لە هێرشی فڕۆکەکانی ئیسرائیلی و ئەمەریکییەکان، لە شەوانی هەینی و شەممەی رابردوودا، 12 سەرکردە و ئەندامی ئەو میلیشیایانە کوژراون، هەروەها لە میدیاکان باس لەوە کراوە لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی لەسەر سنووری نێوان سووریا و عێراق روویانداوە، قوربانییەکان کەمن، بەڵام سەرچاوەکان رایانگەیاندووە، ژمارەی کوژراوەکان زۆرە.
میدیاکانی حزبوڵای لوبنان لای خۆیەوە دانیان بە کوژرانی چوار لە ئەندامەکانیان ناوە، لەو "هێرشانەی کە ناوچەی ئەلبوکەمال کرابوونە ئامانج" لە نزیک دێرەزوور، لە کاتێکدا میدیاکانی سەر بە "سوپای پاسداران" رەتیکردەوە لە هێرشەکانی سەر دیمەشق، زیانی گیانی لە نێو ریزەکانی سوپای پاسداران هەبوبێت.
سەرچاوە مەیدانییە ئاگادارەکان بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە، فەرماندە مەیدانییەکانی سوپای پاسداران، کە لە نەتەوە جیاوازەکان پێکدێن، لە باشووری دیمەشق لە نزیک فڕۆکەخانەی پایتەختی سووریا کرانە ئامانج کە لانی کەم دوو ئێرانی تێدابووە.
سەرچاوەکان لە زاری بەرپرسانی ناوخۆی هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە باس لەوە دەکەن کە کۆمەڵێک سەرکردەی میلیشیای بیانی کە پاسەوانی و پارێزگاری لە دێرەزووری رۆژهەڵاتی سووریا دەکەن، رۆژی پێنجشەممە 28ـ12-2023، لە دیمەشق کرانە ئامانج، کوژراو و برینداریشی لێکەوتەوە.
بەپێی ئەم سەرچاوانە، تا ئێستا پێنج لەو سەرکردە کوژراوانە دەستنیشانکراون، ئەوانیش "حاجی مەحموود" لوبنانییە و فەرماندەی گرنگترین کەرتەکانی حزبوڵڵایە لە پارێزگای دێرەزوور، هەروەها "حاجی رەعد" عێراقییە، بەرپرسی حەشدی شەعبی عێراقییە لە پارێزگاکە. "حاجی عەلی" ئێرانیییە و بەرپرسی هەواڵگریی سوپای پاسدارانە لە ناوچەی رۆژهەڵات، هەروەها "حاجی نۆزەت" ئەفغانییە و بەرپرسی گروپە ئەفغانیەکانە لە سەرتاسەری سووریا، جگە لە سەرکردەیەکی تری ئێران لە دێرەزوور کە بە "حاجی عەلی" ناسراوە.
ئەم لێدانە وەڵامێک بووە بۆ هێرشەکانی " مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" بۆ سەر بنکەی "خەراب الجیر"ـی ئەمەریکی لە سووریا.
شەوانی هەینی و شەممەی رابردوو هێرشی توند لەلایەن فڕۆکەکانەوە دەستیپێکرد کە پێدەچێت "ئیسرائیلی و ئەمەریکی" بن، کە بارەگا و کۆگا و بنکەکانی سەر بە سوپای پاسداران و گروپە نزیکەکانی ئێرانی کردە ئامانج.