سوپای عێراق هەڵدەکوتێتە سەر گەڕەکێکی کوردنشینی کەرکووک
K24 - هەولێر
هێزێکی سوپای عێراق هەڵیکوتاوەتە سەر گەڕەکێکی کوردنشینی شاری کەرکووک و داوا لە هاووڵاتییانی کورد دەکات دەستبەجێ خانووەکانیان چۆڵ بکەن، بەبێ ئەوەی قەرەبوویان بکرێنەوە.
لە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممەوە، 02-01-2024، هێزێکی سوپای عێراق بە دەیان زرێپۆش (هەمەر)ـی سەربازییەوە هەڵیکوتاوەتە سەر گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکووک کە زۆرینەی دانیشتووانی هاووڵاتیی کوردن، گەڕەکەکەیان گەماروو داوە و داوا لە هاووڵاتییانی کورد دەکات دەستبەجێ خانووەکانیان چۆڵ بکەن و بچنە دەرەوە.
هێمن دەڵۆ، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، ئەو هێزەی سوپای عێراق بەبیانووی ئەوەی خانووەکانی گەڕەکەکە لە سەردەمی رژێمی پێشووی سەدام حوسێن، بۆ ئەفسەرانی رژێم دروستکرابوون، هەڕەشەی دەرکردن لە هاووڵاتییانی کورد دەکات و، تاوەکو ئێستا زرێپۆشی سوپای عێراق چوونەتە ناو حەوت خانوودا کە خاوەنەکانیان لە ماڵ نەبوون.
نزیکەی 120 خێزانی کورد لە گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکووک نیشتەجێن. بەشێک لەو هاووڵاتییانەی بۆ پەیامنێری کوردستان24 قسەیان کرد، ئاماژەیان بەوە دا، خانووەکانیان بە پارەی خۆیان کڕیوە، 20 ساڵە تێیدا دەژین و هیچ کێشەیەکیان نەبووە، بەڵام ئەمڕۆ ئەو هێزە ئەمنییە هاتووە و دەیەوێت بە زەبڕی هێز دەریان بکات.
هاووڵاتییەک گوتی: "ئەو خانووانەی ئەمڕۆ چۆڵ بوونە و خاوەنەکانیان لە ماڵ نەبوونە؛ هەمەری سەربازی چوونەتە ناویانەوە و داگیریکردوون. کەسمان ئاگامان لەم بابەتە نەبووە، تەنانەت موختاری گەڕەکەش ئاگادار نەکراوەتەوە. بەیانییەکەی هەڵساوین و هەمەری سەربازیمان لە گەڕەکەکەدا بینیوە".
ئاماژەی بەوەش کرد، "لە ساڵی 2003ـەوە لەم گەڕەکەین، خانووەکانمان کڕیوە و ئەم خانووانە چەندین جار دەستاودەست کراون و، هیچ کێشەیەکمان نەبووە؛ بەڵام ئەمڕۆ هێندەی ژمارەی دانیشتووانی گەڕەکەکە هەمەریان زرێپۆش (هەمەر)ـیان هێناوەتە لێرە. داوا دەکەن بچینە دەرەوە بەبێ ئەوەی قەرەبوومان بکەنەوە ".
هاووڵاتییەکی دیکەی کورد کە پارێزەرە، بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، "نازانین دەسەڵاتدانی عێراق چییان لە کورد دەوێت؛ ئێمە بە هاووڵاتیی ئەم وڵاتە نازانن و هەموو شتێک بە مافی خۆیان دەزانن. جیاوازی ناکەن لەوەی سەر بە کامە لایەنی سیاسی، ئەوەی کورد بێت، دژی دەوەستنەوە".
ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی هێزەکەی سوپای عێراقی کردوویەتی بەهیچ شێوەیەک یاسایی نییە. وەکو خۆی گوتی، "لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، هەموو هەوڵێکی ئەو هێزانەی دەستیان بەسەر شارەکەدا گرتووەە ئەوە بووە دەست بەسەر خانووی هاووڵاتییانی کوردا بگرن و دەریان بکەن".