هێزەکانی بەسیج و حەشدی شەعبی مانۆڕێک لە "شەتولعەرەب" ئەنجام دەدەن
K24 - هەولێر
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاویکردەوە، ئەمرۆ چوارشەممە، هێزەکانی "بەسیج"ـی ئێرانی و حەشدی شەعبی عێراقی یەکەم مانۆڕی هاوبەش لە ئاوەکانی "شەتولعەرەب" ئەنجام دەدەن.
ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ـی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ئەو نمایشەی کە لە کەناراوەکانی فاو لە عێراق بەڕێوەدەچێت، هاوکاتە لەگەڵ چوارەمین ساڵیادی کوژرانی بەرپرسی فەیلەقی سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی و بەرپرسی دەستەی حەشدی شەعبی ئەبومەهدی موهەندیس.
ئاژانسەکە باسی لەوەشکردووە، نمایشەکە لەلایەن سێ یەکەی دەریایی سوپای پاسدارانەوە لە ناوچەکە رێکدەخرێت، لە نزیک ئەوشوێنەی کە سەربازەکانی ئێران لە شەڕی ئەلفەجر 8 دا کوژراون، کە لە ساڵی 1986 لە شاری فاو لە نێوان عێراق و ئێران روویدا.
بە گوتەی فەرماندەی هێزەکانی ئێرانی، عەلی رەزا تەنگسیری، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەمە یەکەم مانۆڕە کە هێزی دەریایی بەسیج لەگەڵ هێزەکانی حەشدی شەعبی بەشداری تێدا دەکەن، "لە رێگەی کەشتییە قورس و سووکەکانەوە بۆ کەناراوەکانی تانزانیا"،
ئاژانسی "تەسنیم" و" فارس"ـی سەر بەسوپای پاسداران لە زاری تەنگسیرییەوە بڵاویان کردووەتەوە، پێش کۆڕبەندی "رۆڵی بەسیج و هێزی دەریایی ئێران" هێزەکانییان سەرقاڵی دامەزراندنی "یەکەیەکی دەریایین".
هێزەکانی بەسیج یەکێکە لەو پێنج قۆڵەی سوپای پاسداران و لە چوارچێوەی ئەرکەکانی هێزی زەمینی سوپای پاسداران ئەرکەکان ئەنجام دەدەن.
هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق، لە مانگی شوباتی 2019 هێزێکی دەریایی دامەزراند، هەروەها لە هەمان مانگدا دەیان چەکداری لە خولێکی مەشق و راهێناندا راگەیاند، کە لەو ماوەیەدا مەشقی سەربازییان وەرگرت، لەوانەش توانای غەواس و لێخوڕینی بەلەم.
بەرپرسانی هێزەکانی حەشدی شەعبی، رۆژێک دوای دامەزراندنی ئەم هێزە رایانگەیاند، کە ئاواتەخوازە "رۆڵێک لە پاراستنی ئاوە خاکییەکانی عێراقدا بگێڕێت."
هێزە دەریاییەکانی عێراق کە سەر بەوەزارەتی بەرگرییە، بەرپرسن لە پاراستنی ئەو ئاوە خاکییانەی دەکەوێتە سنوورەکانی، هاوکات پارێزگاری لە ناوچەکانی کەناری و بەسێک لە ئاوەکانی شەتولعەرەب دەکەن.
تا ئێستا نازانرێت هێزەکانی حەشدی شەعبی لە مانۆڕەکەی ئەمڕۆ چوارشەممەدا چ جۆرە چەکێک بەکاردەهێنن، بەڵام دەستەکە پێشتر رایگەیاندبوو، هێزی دەریایی خاوەنی ئامێری پەیوەندیکردن و چاویلکەی بینینی شەوانە و چەکی(M-16, M-15) و ئار پێ جی و مووشەکی دژە زرێپۆشن.