دوو تەقینەوە لە نزیک مەزارگەی قاسم سولەیمانی روویاندا؛ 50 کەس کوژران

دیمەنێکی دوای تەقینەوەکە
دیمەنێکی دوای تەقینەوەکە

K24 - هەولێر

بە هۆی دوو تەقینەوە لە ڕێوڕەسمی یادی کوژرانی قاسم سولەیمانی؛ 50 کەس کوژران و زیاتر لە 60 کەسیش بریندار بوون.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 03-01-2024، ئاژانسەکانی ئێران رایانگەیاند، بە هۆی دوو تەقینەوەی یەک لە دوای یەک لە نزیک مەزارگەی قاسم سولەیمانی، لە شاری کرمانی ئەو وڵاتە؛ لانیکەم 50 کەس کوژراون و زیاتر لە 60 کەسیش بریندار بوون.

میدیای فەرمی ئێران دەڵێت، هێرشەکە "تیرۆریستی بووە، تیرۆریستێک دوو بۆمبی لەنێو جانتایەک داناوە و لە رێوڕەسمەکەدا تەقاندوونەتەوە". هاوکات بەرپرسانی ئەمنی داوایان لە بەشدارانی رێوڕەسمی یادی قاسم سولەیمانی کردووە شوێنەکە چۆڵ بکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 03-01-2024، چوار ساڵ بەسەر کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێراندا تێدەپەڕێت. بەوبۆنەیە ئەمڕۆ خەڵکێکی زۆر چووبوونە سەر مەزارگەکەی لە شاری کرمان.

بەرەبەیانی رۆژی 03-01-2020، لە بۆردوومانێکی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکادا؛ قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کوژران.