باندێك بە تۆمەتی ساختەکاری لە هەولێر دەستگیرکرا

K24 – هەولێر:

ئاسایشی ئابووری سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی هەولێر باندێكیان بە تۆمەتی ساختەكاریی لە ھەولێر دەستگیركردووە كە بەڕەگەز عەرەبن، هاوکات ئەم باندە چەندین ساختەکارییان ئەنجامداوە و فێڵیان لە ھاووڵاتییان كردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئابووری سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی هەولێر باندێکیان بە تۆمەتی ساختەکاری دەستگیرکرد، هەروەها کاری ئەم باندە لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق کی کارتیان بە شێوەیەکی ساختە دروستکردووە.

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، ژمارەیەک کەسی دیکەش لەم باندەدان و دەستیان لەو کارە هەبووە، هەروەها توانیویانە لە رێگەی کی کارتەکەوە کە ساختەیان کردووە بێنە هەرێمی کوردستان و لە رێگەی کۆدی کی کارتەکەوەش مۆبایل و ئامێری ئەلیکترۆنییان بە قیست راکێشاوە.

کوردستان24 زانیویەتی، کە ئەم باندە بەناوی زیانلێکەوتوان و شەهیدانی شەڕی داعشەوە ئەم کارتانەیان دروستکردووە، کە حکومەتی عێراقی مووچە دەخاتە سەر کارتەکانیان، ئەمانیش بە چەندین رێگەی جیاوز ئەم پارەیان لە هەرێمی کوردستان لەناو کارتەکاندا دەرهێناوە و چەندین هاووڵاتییان هەڵخەڵەتاندووە، دواتریش هاووڵاتییەکان سکاڵایان تۆمارکردووە.

ئاسایشی ئابووری سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی هاووڵاتییان ئاگەداردەکاتەوە، کە بە هەموو شێوەیەک خۆیان بەدووربگرن لە ساختەرکاری، لەبەرئەوەی رووبەڕووی تووندترین سزای یاسایی دەبنەوە.

یەکێك لە ئەندامەکانی باندەکە رایگەیاند، "لە سنووری پارێزگای ئەنبار کۆمەڵێک خەڵکم ناسی و ماستەر کارتی ساختەیان بۆ ناردم، منیش هەندێک پارەم بەو ماستەرکارتانە راکێشا، هەر بەو کارتانە مۆبایلمان راکێشا، دواتر دەرکەوت ئەو کارتانە ساختەن و بەناوی ژمارەیەك شەهیدەوە دەرهێندراون، لە کۆتایادا لەلایەن ئاسایشی هەولێر دەستگیرکرام".