بەختیار حەیدەر: دەنگمان دەگەیەنینە  کونسوڵخانە و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان

بەختیار حەیدەر
بەختیار حەیدەر

K24 – هەولێر :

سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە بارەی هێرشەکانی کرایە سەر هەولێر و پێشمەرگە، دەچنە کونسوڵخانە و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە عێراقییەکانیش، بۆ ئەوەی پێیان بڵێین ئێمە ئاشتیخوازین و دەمانەوێت پێکەوە لە عێراق بە ئاشتی بژیین.

ئەمڕۆ چوارشەممە (3ی کانوونی دووەمی 2024)،بەختیار حەیدەر، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: ئەو هەموو پەیامی پێکەوە ژیان و لێبوردەیەی لە کوردستان هەیە، وای نەکردووە ببێتە بەربەستێک لەبەردەم ئەو گروپ و خەڵکانەی دوژمنایەتی کوردستان دەکەن کە هەمان مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکەن.

بەختیار حەیدەر ئاماژەی بەوە کرد، گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکانی عێراق، مافەکانی گەلی کوردستان بە رەوا نابینن، دەیانەوێت ئەزموونی هەرێمی کوردستان تێک بدەن کە جیهان بەچاوێکی گرنگ سەیریی ئەو پێکەوە ژیانەی کوردستان دەکەن.

سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان دەڵێت:  ئەو دوژمنانە سوود لە ناکۆکیەکان دەبینن، بەڵام ناتوانن هیچ گورزێک لە کوردستان و کورد بدەن.

لەبارەی دەسەڵاتی حکومەتی عێراقیش بۆ لێکۆڵینەوە کردن و سزادانی ئەنجامدەرانی هێرشکاران، بەختیار حەیدەر گوتی:

گومانم لەوە هەیە حکومەتی عێراق بتوانێت ئەوانە سزا بدات کە هێرش دەکەنە سەر کوردستان، چونکە ئەو گروپە چەکدارە لە یاسا دەرچووانە دەسەڵاتیان هەیە و زۆرێک لە جومگە گرنگەکانی دەسەڵاتیان لەبەردەستە.

بەختیار حەیدەر ئاشکرایکرد، نوێنەرانی کۆمەڵە و سەندیکا و رێکخراوەکان، لە نزیکترین کاتتدا سەردانی کونسوڵخانە و دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان، هەروەها لایەنە عێراقیەکانیش دەکەن، بۆ ئەوەی پێیان رابگەیەنن کە خەڵکی کوردستان ئاشتیخوازن و دەیانەوێت بە ئاشتی بژین.

یەکشەممە، 31-12-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو)، پەیامێکی لەبارەی "هێرشە تیرۆریستییەکەی" سەر بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگە لە هەولێر بڵاوکردەوە.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "نیگەرانیی قووڵی خۆمان بەرامبەر هێرشە تیرۆریستییەکەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر دەردەبڕین. بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشی هێزەکانی دەرەوەی یاسا و هاوکارەکانیان دەکەم".

مەسرور بارزانی ئاماژە بەوە دەدات: "ئێمە باش لەو یارییانە تێدەگەین کە کەسانی لە یاسادەرچوو لە پشتیانەوەن، مافی ئەوەشمان هەیە بەرگری لە گەلەکەمان بکەین".

سەرۆکوەزیران بە پێویستی دەزانێت "حکومەتی فیدراڵ هەر هێرشێک بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە هێرش بۆ سەر هەموو عێراق ببینێت و هەڵوێستی جیددی هەبێت و بە کردەوە وەڵام بداتەوە، چونکە بێ هەڵوێستیی، میلیشاکان زیاتر هان دەدات بۆ دەستدرێژی، ئەوان پارە و چەکی دەوڵەت بەکاردەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان و ناسەقامگیرکردنی هەموو وڵات و دروستکردنی شەڕو ناکۆکی لە وڵاتێکدا کە خوێنڕشتنی زۆری بەخۆیەوە دیتووە".