سەباح سوبحی: یاسای بودجە لە عێراق بە سیاسی کراوە

غەریب ئەحمەد: هەموارکردنەوەی یاسای بودجە کێشەی مووچە چارەسەر دەکات

سەباح سوبحی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق و غەریب ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق
سەباح سوبحی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق و غەریب ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەگەر یاسای بودجەی فیدراڵی هەمواربکرێتەوە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجی راستەقینە جیابکرێتەوە، ئەوا کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت.

سەباح سوبحی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق و غەریب ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لەمیانەی بەژداریکردنیان لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 باسیان لە چارەسەرییەکان بۆ کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرد و هەردوولا جەختیان لە کۆدەنگی لایەنە کوردییەکان کردووە بۆ ئەوەی بە زووترین کات هەوڵبدەن یاسای بودجە هەمواربکەنەوە.

لە دەسپێکدا سەباح سوبحی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، یاسای بودجە لە عێراق بە سیاسی کراوە، هەروەها حکومەتی عێراقیش درکی بەوە کردووە کە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان دەبێت یاسای بودجە هەمواربکرێتەوە، چونکە بەهۆی خەرجی راستەقینەوە هەرێمی کوردستان و زۆربەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق زیانمەند بوونە.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، لە یاسای بودجەدا هەموو هەوڵێک بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان دراوە، چونکە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە 2014ـەوە تاوەکو ئێستا دەستیان کردووە بە ئازاردانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هەم لە پرسی مووچە، هەم لە پرسی نەوت.

سەباح سوبحی، راشیگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە حکومەتی فیدراڵی جێبەجێ کردووە، هەروەها بە شەفافی مامەڵەی کردووە، هەروەها سەرجەم داتای مووچەخۆرانی هەرێم بە راست و دروستی رادەستی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی کراوە.

سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، کێشەی نەناردنی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان تەنیا بەهۆی خەرجی راستەقینە بوو لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: هەموو ئەوانەی کە لە حکومەتی فیدراڵی باڵادەستن دەیانەوێت کێشەی بۆ هەرێمی کوردستان دروستبکەن.

سەباح سوبحی، گوتی: عێراق یەکەم دەوڵەتی فیدراڵییە بە قەرز مووچە دەدات، لە هیچ فیدراڵییەکی دونیا نەبووە بە قەرز مامەڵە لەگەڵ هەرێمێکی فیدراڵی بکرێت.

ناوبراو گوتیشی: "هەوڵدەدەین کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆوە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی چارەسەر بکەین، تاوەکو چارەسەرێکی یاسایی بۆ کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەدۆزرێتەوە هەوڵدەدەین حکومەتی فیدراڵی بە قەرز مووچەمان بۆ بنێرێت".

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، باسی لەوەشکرد، فشاری نێودەوڵەتی و هەرێمی هەیە بۆ ئەوەی چارەسەرێکی ریشەیی بدۆزرێتەوە بۆ کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.

سەباح سوبحی، لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم رایگەیاند، تا ئێستا کۆمپانیاکای کە کاری دەرهێنانی نەوت دەکەن لە هەرێمی کوردستان بەڵێنیان پێ نەدراوە کە خەرجی دەرهێنانی نەوتیان لە 6 دۆلارەوە بۆ بکرێت بە نزیکەی 20 دۆلار، تاوەکو خەرجییەکەیان بۆ زیاد نەکرێت ئەوانیش ئامادە نییە کاری دەرهێنانی نەوت لە هەرێم بکەن.

لەلایەن خۆیەوە غەریب ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، تەنیا کورد داوای هەموارکردنەوەی یاسای بوودجە ناکات، بەڵکو هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق خواستی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەیان هەیە، بەڵام مەرج نییە لە هەمان بڕگە و ماددە بێت، هەر لایەک بۆ بەرژەوندی پارێزگاکەی خۆی خواستی ئەوەی هەیە یاساکە هەمواربکرێتەوە.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: هیچ ساڵێک ئابووری عێراق بەم شێوەیەی ئێستا بەرز نەبووە، بۆیە خەڵک دەیەوێت بە شێوەیەکی شەفافانە کەڵک لەو بودجەیە وەربگیرێت.

غەریب ئەحمەد، گوتی: کێشەی کورد لەگەڵ حکومەتی عێراق تەنیا بودجە و مووچە نییە، بەڵکو کۆمەڵێک دۆسیەیە کە دەبێت چارەسەر بکرێت، کە دیارترینیان چارەسەرکردنی کێشەی زەوی جووتیارانی کوردە لە سنووری کەرکووک.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: هەمواری یاسای بودجە کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکات.

غەریب ئەحمەد، باسی لەوەشکرد، "ئەو ماوە کەمەی کە لەبەر دەستمانە دەبێت بیقۆزینەوە بۆ ئەوەی بە خێرایی یاسای بودجە هەمواربکرێتەوە، نابێت بهێڵێن یاری بە کات بکرێت و دەبێت بە خێرایی کێشەکان چارەسەر بکرێن".

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، پێش ئەوەی پەرلەمانی عێراق دەست بە دانیشتنە ئاساییەکانی خۆی بکاتەوە، دەبێت لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەیەکەوە دابنیشن و رێکبکەون کە چۆن بتوانن کێشەکانی مووچەخۆران لە بەغدا چارەسەر بکەن.

ناوبراو سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، دەبێت شاندی سیاسی هەرێمی کوردستان هەوڵە دیپلۆماسییەکانی خۆی بخاتەگەر بۆ ئەوەی بە زووترین کات کێشەکان چارەسەر بکرێن.

Fly Erbil Advertisment