هیوا گەیلانی: دواخستنی هەڵبژاردن غەدرە لە گەلی کوردستان و پێکهاتەکان دەکرێت
K24 – هەولێر :
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، دواخستنی هەڵبژاردن غەدرە لە گەلی کوردستان و پێکهاتەکان دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە (3ی کانوونی دووەمی 2024)، هیوا گەیلانی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەوەدا بووە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت.
کۆمیسیۆنیش بەرپرسیارە لە ئەنجامدان و سەرپەرشتیکردن و، ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن، بەڵام کە پرسی سکاڵاکان لەدادگای فیدراڵی یەکلا نەبۆتەوە، کۆسپ بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە لە کاتی خۆیدا دروستدەکەن.
لەبارەی بڕیاری دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، هیوا گەیلانی رەتیکردەوە ئەوە کاری دادگای فیدراڵی بێت کە بە بڕیارێک کۆسپ بخاتە بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت: لە ماددەی 93 ی دەستووری عێراقدا تایبەتمەندی و ئەرکەکانی دادگای فیدراڵی دیاریکراوە بۆ سکاڵاکردن لەسەر بڕیار و یاسایەک کە پێچەوانەی بنەما دەستوورییەکانی عێراق بێت، پێی وایە دەبوا بە یاسا کۆنەکە کاربکرابایە و رێگەیان دابوایە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت.
هیوا گەیلانی داوایکرد، دادگای فیدراڵی چیدیکە ئەو سکاڵایانە بۆ یەکلاکردنەوە دوانەخات، ئەگەر لە 27 ی کانوونی دووەمیش سکاڵاکان یەکلابکرێنەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەدایە هەڵبژاردن لە وادەیەکی نزیک ئەنجامبدرێت.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دەڵێت: دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، غەدرە لە گەلی کوردستان و پێکهاتەکان دەکرێت، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەداین پێکهاتەکان بۆخۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، هیچ لایەکمان خواست و ئیرادەی خۆمان بەسەر ئەوانی دیکەدا نەسەپێنین.
پێشتریش د. عیماد جەمیل، بەرپرسی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، بەهۆی دواخستنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەسەر کورسی پێکهاتەکان بۆ 21ـی ئهم مانگه، کۆمیسیۆن ناتوانێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدات.
گوتبووشی: دانیشتی دادگای فیدراڵی بۆ 21ـی ئهم مانگه دواخراوە و بۆ بڕیاردانی کۆتایی لەسەر کورسی پێکهاتەکان، بۆ ئەوە ماوەیەی لەبەردەم کۆمیسیۆنە ناتوانێت ئامادەکاری پێویست بکات بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان.