ئێران ئەنجامدانی تەقینەوەکەی کرمان دەخاتە ئەستۆی ئیسرائیل و ئەویش رەتیدەکاتەوە

دیمەنێکی دوای تەقینەوەکە (وێنە: AFP)
دیمەنێکی دوای تەقینەوەکە (وێنە: AFP)

K24 - هەولێر

ژمارەی قوربانییەکانی تەقینەوەکەی دوێنێ چوارشەممەی ئێران گەیشتە نزیک 400 کەس. ئێران ئیسرائیل بە ئەنجامدانی ئەم تەقینەوەیە تۆمەتبار دەکات؛ بەڵام ئیسرائیل هەر جۆرە تێوەگلانێک لەم ڕووداوە رەتدەکاتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 04/01/2024، بەهۆی تەقینەوەکەی دوێنێ چوارشەممەی نزیک گۆڕی قاسم سولەیمانی؛ لە سەرتاسەری ئێران ماتەمینی گشتی راگەیاندراوە. وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەکەوە؛ 84 کەس کوژراون و 284 کەسیش بریندار بوون کە 220 کەسیان لە نەخۆشخانەن و دۆخی تەندروستیی ژمارەیەکیان ناجێگیرە.

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران کە گەشتەکەی ئەمڕۆی و بۆ تورکیای هەڵوەشاندووەتە، لە لێدوانێکدا پەنجەی تۆمەتی بەرەو ئیسرائیل درێژ کرد.

سەرۆککۆماری ئێران بە بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێت: "ئێوە دەرەقەتی هێزەکانی موقاوەمە نایەن. هێزەکەتان لە بەرانبەر موقاوەمەدا بێکەڵک بووە؛ ئێستا دێن هێرش دەکەنە سەر خەڵکی بێ تاوان؟ ئەوە بزانن لە بەرانبەر ئەم تاوانە سامناکەدا، باجێکی زۆر سەخت دەدەن".

چەند کاتژمێرێک پاش ڕووداوەکە، رۆژنامەی واڵ ستریت جورناڵ ئاشکرای کرد، ئیسرائیل هاوپەیمانەکانی خۆی ئاگادار کردووەتەوە، هیچ ڕۆڵێکی لە تەقینەوەکەی ئێراندا نەبووە.

گوتەبێژی ئەرتەشی ئێرانیش بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، لەسەر تەقینەوەکە هیچ قسەیەکی نییە. لە لایەکی دیکەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا تێوەگلانی وڵاتەکەی و ئیسرائیل لەرووداوەکەدا رەتکردەوە.

ماتیو میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "هاوسۆزی خۆمان بۆ ئەو قوربانی و کەسوکارییان دەردەبڕین کە لەو تەقینەوە کارەساتبارەدا گیانیان لەدەستدا. ئێستا زووە بزانین هۆکاری ئەو تەقینەوەیە چی بووە، بەڵام دەمەوێت وەڵامی ئەو لێدوانە بێمانایانە بدەمەوە، یەکەم ئەمەریکا بە هیچ شێوەیەک لەمە تێوەنەگلاوە و هەر شتێکیش پێچەوانەی ئەمە بێت بێمانایە. دووەمینیش هیچ هۆکارێکمان نییە ئەو باوەڕەمان بۆ دروست بێت ئیسرائیل لەو تەقینەوەیە تێوەگلاوە."

تەقینەوەکانی ئێران لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کاردانەوە و هاوسۆزیی بەربڵاوی وڵاتانیان بەدوادا هاتووە. هەر لە هەرێمی کوردستان و عێراقە تا سعوویە و تورکیا و چەندین وڵاتی دیکەی ناوچەکە و هەروەها یەکێتیی ئەورووپا، فەڕەنسا، نەوریج، ئاڵمانیا، ڕووسیا، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران و زۆر وڵات و لایەنی دیکەش ڕووداوەکەیان ئیدانە کردووە و هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ حکومەت و خەڵکی ئیران دەربڕیوە.