عێراق 14 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی لوبنان دەکات

K24 - هەولێر
حکومەتی لوبنان رایگەیاند، "جەژنانە"یەکی لە عێراق وەرگرتووە، ئەویش پەسەندکردنی رەشنووسی بازرگانییە بۆ بەدەستهێنانی 14 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بە ئاسانکارییکردن لە پارەدان بۆ ماوەی شەش مانگ بەبێ سوود.
رۆژنامە لوبنانییەکان بڵاویان کردەوە، وەلید فەیاز، وەزیری وزەی لوبنان رایگەیاند، "جەژنانەیەکم" لە عیراق وەرگرتووە، کە رەشنووسی رێککەوتنێکی بازرگانی نوێیە لەگەڵ عێراق کە لە ڕێگەیەوە نزیکەی 14 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بە بەهای یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلار دەستەبەر دەکات، لەگەڵ ئاسانکاریی پارەدان لە ماوەی شەش مانگ بەبێ هیچ سوودێک، بەو مەرجەی بانکی لوبنانی نرخی بارکردنەکان دەدات ئەگەر دەوڵەت نەتوانێت بیدات.
بڕیارە وەزیری وزەی لوبنان، کۆپییەکی رەشنووسی رێککەوتنەکە بۆ دەستەی یاسادانان بنێرێت بۆ پەسەندکردنی، لەگەڵ ئەوەی پەیامێکیش بۆ دامەزراوەکانی کارەبا دەنێرێت بۆ ئەوەی بزانێت توانای دابینکردنی وزەی بۆ هاووڵاتیان چەندە، هەروەها پەیامێکیش بۆ بانکی لوبنان دەنێرێت بۆ وەرگرتنی بۆچوونی خۆیان سەبارەت بەوەی کە دەتوانێت چی دەستەبەر بکات لە رووی دراوی دۆلارەوە، هەروەها وەرگرتنی قسەی سەرۆکوەزیران لەسەر واژۆکردنی رێککەوتنەکە.
لە هەمان چوارچێوەدا پێشبینی دەکرێت لە ئێوارەی ئەمڕۆوە ناوچەکانی لوبنان کاتی پێدانی کارەبا زیاد ببێت، کە وردە وردە دەگاتە چوار کاتژمێر لە رۆژێکدا، هاوکات ئەمەش دوای گەیشتنی کەشتی دەریایی "ئەڵمی ناڤیگاتۆر" کە نزیکەی 28 هەزار و 500 تۆن سووتەمەنی عێراقی تێدا بارکرابوو.
هاتنی ئەو کەشتییە دەریاییە کە لە ئاوە دەریاییەکانی عێراق وەستابوو دواکەوت، چاوەڕێی ئەوە بوو بانکی لوبنان هەموارکردنەوەیەک بۆ بەهای ئەو بەڵگەنامەییەی کە لە بەرژەوەندی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" کرایەوە واژۆ بکات، بۆ ئەوەی ببێتە 700 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی لە جیاتی 656 ملیۆن دۆلار بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی سووتەمەنی نوێبووەوە لە نێوان هەردوو لایەنی عێراقی و لوبنان بۆ ساڵی سێیەم".
دوای ئەوەی بابەتەکە چارەسەر کرا، یەکەم باری سووتەمەنی عێراقی "رۆنی سووتەمەنی قورس" لە رێکەوتنەکە گەیشتە یەک ملیۆن و نیو تۆنی ساڵانە کە یەکسانە بە 125 هەزار تۆنی مانگانە.