بە درۆن هێرشکرایە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە بەغدا؛ "سێ سەرکردە کوژراون"

دیمەنێکی دوای بۆردوومانکردنی بارەگاکەی حەشدی شەعبی
دیمەنێکی دوای بۆردوومانکردنی بارەگاکەی حەشدی شەعبی

K24 - هەولێر

فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان بارەگایەکی بزووتنەوەی نوجەبای سەر حەشدی شەعبی کردە ئامانج و بەهۆیەوە "سێ سەرکردە" کوژران.

پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 04-01-2024، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان بارەگای لیوای 12ـی بزووتنەوەی نوجەبای سەر حەشدی شەعبی لە شەقامی فەڵەستینی بەغدا کردە ئامانج و هێرشەکە زیانی گیانی لێ کەوتووەتەوە.

هەرچەندە تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق و دامودەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە هیچ راگەیەندراوێکی فەرمییان لەبارەی رووداوەکە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام میدیاکانی نزیک لە حەشدی شەعبی دەڵێن، هێرشەکە لەلایەن ئەمەریکاوە ئەنجامدراوە و بەهۆیەوە "سێ سەرکردەی باڵای"ـی بزووتنەوەی نوجەبا کوژراون.

وەکو ئەوەی میدیاکانی نزیک لە حەشدی شەعبی ئاماژەی پێ دەکەن، "ئەبو تەقوا"، ئامر لیوای 12ـی بزووتنەوەی نوجەبا لە هێرشەکەدا کوژراوە و شەش چەکداری دیکەش برینداربوون.

لەلایەن خۆیەوە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی پشتێنەی بەغدا کە سەر بە حەشدی شەعبییە، لە راگەیەندراوێکدا کوژرانی "ئەبو تەقوا"ـی پشڕاستکردەوە و، ئاماژەی بەوە کردووە، ناوبراو لە ئەنجامی "هێرشێکی دڕندانەی ئەمەریکادا" کوژراوە.

ئەو لیوای حەشدی شەعبی کە لەلایەن فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانەوە کراوەتە ئامانج، زیاتر لە چوار هەزار چەکداری هەیە و، چەکدارەکانی بەسەر عێراق و سووریادا بڵاوەیان پێ کراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە دوای 17ی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە تاوەکو ئێستا، گرووپە چەکدارەکان شیعە کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناساندووە؛ بەرپرسیارییەتی خۆیان لە زیاتر لە 150 هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا راگەیاندووە. ئەمەریکاش چەند جارێک بارەگاکانی ئەو گرووپانەی لەنێو عێراق و سووریادا کردووەتە ئامانج. 

لەناوخۆی هەرێمی کوردستانیش، بەرەی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" لە 17ی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە تاوەکو ئێستا، بەرپرسیارییەتی خۆیان لە 14 هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و 12 ‌هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی سەربازی هەریر، لە ئەستۆ گرتووە.