رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی: هێرشی درۆنی گرووپە چەکدارەکان کردەوەیەکی دوژمنکارانەیە
K24 – هەولێر
ژمارەیەک لە رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، هێرشی درۆنی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکەکانی هێزی پێشمەرگە و دامەزراوە فەرمییەکان ئیدانە دەکەن و بە کردەوەیەکی دوژمنکارانە ناودەبەن.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی رایانگەیاند: ئەو هێرشە ناڕەوایانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، ئامانج لێی تێکدانی سەقامگیری هەرێمی کوردستانە و سەرکۆنەی دەکەین، کە ژیانی خەڵکی سڤیل دەخاتە مەترسییەوە.
ئاماژەیان بەوەشدا، کە حکومەتی عێراق لەبارەی ئەو هێرشانە بێدەنگە و پاڵپشتی دارایی میلیشیاکان دەکات، لەکاتێکدا کە بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خەرج ناکەن.
رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، داواش دەکەن خەڵکی کوردستان تێکەڵ کە کێشە و ململانێ ناوچەیی و نێودەڵەتییەکان نەکەن. داواش لە نێردەی وڵاتان دەکەن هەڵوێستیان هەبێت لەسەر ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان.
لەلایەکی دیکە و هەر ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، زیبا تەها، سەرۆکی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، رایگەیاند: بەناوی تۆڕی هاوبەشی ئافرەتانی کوردستان، ئیدانەی ئەو هێرش و پەلامارییە دەکەین، کە ماوەیەکە بەدرۆن هێرش دەکرێتە سەر هەولێری پایتەخت و سەر دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە نێویشیاندا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، وەک دامەزراوەیەکی مەدەنی و هەروەها شوێنەکانی دیکە، ئەو هێرشانە پێشێلکردنی سەروەری خاکی هەرێمی کوردستانە، وەک قەوارەیەکی دەستووری لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵ.
هەروەها گوتیشی: "ئەو هێرشانە هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر ژیانی دانیشتوان، بۆیە داواکارین حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو ڕووەوە ئەرکی خۆی جێبەجێبکات و داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکەین، لەو پرسەدا هاوکاری حکومەتی خۆیان بن، ئێمە پێمانوایە رێگری کردن لەو کارانە ئەرکی عێراقی فیدڕاڵە، پێویستە بەغدا هەنگاوی خێراو کاریگەریش بنێت".
لای خۆشیانەوە، لە بەیاننامەیەکدا، سەبارەت بە هێرشی ناڕەوا بۆ سەر پایتەختی هەرێمی کوردستان، حاکم تۆفیق، سەرۆکی یەکێتی مافپەروەرانی کوردستان، رایانگەیاند، ماوەیەکە چەند هێزێکی دەرچوو لە یاسا و بەشێوەیەکی بەردەوام و رۆژانە لە رێگای درۆنەوە لە ناوچەکانی ژێر دەسەلاتی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق، هێرشی ناڕەوا دەکرێتە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، لەژێر بیانووی بێبنەما و هیوای ئەوەی ئارامی و هێمنی شاری هەولێر و تەواوی هەرێمی کوردستان تێکبدەن.
راشیگەیاند، بێگومان بە ئامانج گرتنی شاری هەولێر وەکو ناوەندێکی سیاسی بۆ یەکلاکردنەوەی چەندین پرسی سیاسی و ئەم هێرشە ناڕەوایانە تەنها کارتی گوشاری بێ ئەنجامن، کە ئەم گرووپ و هێزانە دەرچوون لە یاسا بە پاڵپشتی لایەنی دەرەکی بە ئەنجامی دەگەیەنن، تابتوانن چەند دەستکەوتێکی سیاسی بەدەست بێنن.
گوتیشی: "ئێمە وەک یەکێتی مافپەروەرانی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی بەتوندی ئیدانەی ئەم هێرشە ناڕەوایانە دەکەین و لە هەمانکاتدا داواکارین لە حکومەتی فیدڕاڵ، کە بە ئەرکی یاسایی خۆی هەڵبستێت و سنوورێک بۆ ئەم گروپ و هێزە دەرچووانە لە یاسا دابنێت، کە هەڕەشەن بۆ سەروەری سیستەمی سیاسی وڵات و هۆکارێکن بۆ تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی".