ئیسرائیل بەهۆی بڕیارێکی واشنتنەوە ترسی لێ نیشتووە

کەشتی فڕۆکە هەڵگری "یو ئێس ئێس جیراڵد فۆرد"
کەشتی فڕۆکە هەڵگری "یو ئێس ئێس جیراڵد فۆرد"

K24 - هەولێر

ئیسرائیل نیگەران بووە لە بڕیارێکی ئەمەریکا سەبارەت بە کشانەوەی کەشتی فڕۆکە هەڵگری "جیراڵد فۆرد" لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو بەندەری سەرەکی خۆی لە ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمەریکا.

لە راپۆرتێکی رۆژنامەوانیدا هاتووە، کەشتی فڕۆکە هەڵگری "جیراڵد فۆرد"ـی ئەمەریکی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەجێهێشتووە، واتە ئێستا تەنها یەک کەشتی فڕۆکەهەڵگری "دوایت ئاینزهاوەر" لە ناوچەکەدا ماوە.

دوای شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، ئەمەریکا دوو کەشتی فڕۆکە هەڵگری رەوانەی ناوچەکە کرد، کە یەکێکیان بۆ دەریای ناوەڕاست و ئەوەی دیکەش بۆ ئاوەکانی کەنداو.

لە راپۆرتێکی کەناڵی 12ـی ئیسرائیلیدا هاتووە، بەرپرسانی ئیسرائیل "نیگەرانی" خۆیان دەربڕیوە بەرامبەر بە بڕیارەکەی ئەمەریکا بۆ گەڕاندنەوەی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکە بۆ وڵاتەکەی. هەروەها لە چەند رۆژی رابردوودا بەرپرسانی ئیسرائیلی سەبارەت بەو بڕیارە داوای روونکردنەوەیان لە ئەمەریکا کردووە.

کەناڵەکە ئاماژەی بەوەشکرد، "جگە لەوەی بەرپرسانی ئیسرائیل هەوڵیان داوە لەم هەنگاوە تێبگەن، هەوڵیشیانداوە ئەو هەنگاوە بوەستێنن".

رۆژنامەی "هارێتز"ـی ئیسرائیلی بابەتێکی شیکاریی بڵاوکردەوە و پشتڕاستی کردەوە، "کەمکردنەوەی هێزی دەریایی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا ئاماژەیەکی باش نییە بۆ ئیسرائیل".

ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل قسەی کرد و دڵنیای کردەوە کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پاراستنی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا.

Fly Erbil Advertisment