زیاتر لە یەک ملیار دینار بۆ خزمەتگوزاریی كەرتی 8ـی حەسارۆك خەرجدەكرێت
K24 - هەولێر
بە گوژمەی ملیارێك و 309 ملیۆن دینار خزمەتگوزاری بۆ كەرتی 8ـی حەسارۆكی شاری هەولێر خەرجدەكرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 04-01-2024، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا گوتی، ڕەزامەندی لەسەر خەرجكردنی گوژمەی ملیارێك و 309 ملیۆن دینار بە مەبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەكی مەریوان لە كەرتی 8ـی حەسارۆك، لە شاری هەولێر درا.
ئەو گوژمەیە، وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەسەر ڕێژەی 100%ـی داهاتی زەویی ڕوكنی شارەوانییە لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و بەپێی ڕێنماییەكانی دارایی تایبەت بە داهات، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار فەرمانێكی وەزاری بۆ خەرجكردنی ئەو گوژمەیە دەركرد.
لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا؛ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی مەیدانی سەردانی 8ـی حەسارۆكی كرد و بڕیاری دا كە خزمەتگوزاری بگەیەنرێتە ئەو گەڕەكە، دواتر بە چەند قۆناغێك دەست بە جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری كرا.