نەتەوە یەکگرتووەکان: یەک ملیۆن فەڵەستینی ئاوارەی رەفەح بوونە

K24 - هەولێر

بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دوای دەستپێکردنی شەڕی کەرتی غەززە، یەک ملیۆن فەڵەستینی لەکەرتی غەززە ئاوارەی شاری رەفەح بوونە.

لەراپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، "ئێستا رەفەح بووەتە پەناگەیەکی سەرەکی ئاوارەکانی کەرتی غەززە، کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لەو شوێنە قەرەباڵغە دەژین".

ئاژانسی "وەفا"ـی فەڵەستینی ئاماژەی بەوەکرد، ئەمە لە دوای ئەوە دێت، کە شەڕوپێکدادانەکان لە خان یونس و دێر بلح چڕبووەتەوە و هێزەکانی ئیسرائیلیش فەرمانییان بەخەڵک کردووە ئەو ناوچەیە جێبهێڵن.

دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین"ئۆنروا" رایگەیاند، کۆی ژمارەی ئەوانەی ئاوەرابوون ملیۆنێک و 900 هەزار کەسە.

ئاماژەی بەوەشکرد، یەک ملیۆن و 400 هەزار کەس لە 155 دامەزراوەی ئۆنروا لە هەر پێنج پارێزگایەکەی غەززە دەژین.

سوپای ئیسرائیل جەختیکردەوە، رەفەح ناوچەیەکی ئارامە بەڵام هەندێک جار دەکرێتە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکان.

هاوکات بەبەردەوام ئەوانەی لەماڵەکانییان هەڵدێن بەرەو ناوچەیەکی ئارام، لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکرێنە ئامانجی بۆردومانەکان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4-1-2024، نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی غەززە رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل دوای ئەوەی داوا لەخەڵک دەکات شوێنەکانییان چۆڵ بکات ئاوارەکان بە ئامانج دەگرێت، کە لەماوەی سێ مانگدا 48 جار ئاوارەکانی بۆردومان کردووە. کە دواهەمین بۆردومانی ئاوەرەکان لە پارێزگای رەفەح بوو لە باشووری کەرتی غەززە کە 31 قوربانی لێکەوتەوە.    

رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون، هاوکات زیاترلە 240 هاووڵاتی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران. هه‌روه‌ها بەپێی ئاماری سوپای ئیسرائیل لە دەستپێکی شەڕی غەززە تا ئێستا زياتر له‌ 500 سەربازی ئیسرائیل کوژراون.

له‌مباره‌یه‌وه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فه‌ڵه‌ستین له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ژماره‌ی كوژراوانی غه‌ززه‌ له‌وه‌ته‌ی جه‌نگ دەستیپێکردووە، زیاتر لە 22 هه‌زار کەس کوژراون، هەروەها زیاتر لە 58 هەزار کەسیش بریندار بوون.