ئەمەریکا کوژرانی فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی پشتڕاستدەکاتەوە

K24 – هەولێر:

بەرپرسێکی ئەمەریکی بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، سوپای ئەمەریکا سەرکردەیەکی بزووتنەوەی نوجەبای سەر بە حەشدی شەعبی لە شاری بەغدا بە ئامانج گرت، کە لە هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بەرپرسیار بووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (4ـی کانوونی دووەمی 2024) بەرپرسێکی ئەمەریکی کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، سوپای ئەمەریکا لە بەغدا هێرشی کردە سەر بارەگا بزووتنەوەی نوجەبای سەر بە حەشدی شەعبی، کە تاوانبارن بە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە، هەروەها بەهۆی ئەو هێرشەوە فەرماندەیەکی ئەو بزووتنەوەیە و کەسێکی دیکە کوژران.

لەلایەن خۆیەوە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی پشتێنەی بەغدا کە سەر بە حەشدی شەعبییە، لە راگەیەندراوێکدا کوژرانی "ئەبو تەقوا"ـی پشڕاستکردەوە و، ئاماژەی بەوە کردووە، ناوبراو لە ئەنجامی "هێرشێکی دڕندانەی ئەمەریکادا" کوژراوە.

ئەو لیوای حەشدی شەعبی کە لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە کراوەتە ئامانج، زیاتر لە چوار هەزار چەکداری هەیە و، چەکدارەکانی بەسەر عێراق و سووریادا بڵاوەیان پێ کراوە.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 04-01-2024، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بارەگای لیوای 12ـی بزووتنەوەی نوجەبای سەر حەشدی شەعبی لە شەقامی فەڵەستینی بەغدا کردە ئامانج. میدیاکانی نزیک لە حەشدی شەعبی دەڵێن، تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکەوە، سێ سەرکردەی حەشد کوژراون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون.