گرژی لەنێوان سوپای عێراق و دانیشتوانی گەڕەکی نەورۆز دروستبوو
K24 – کەرکووک :
لەگەڵ ئەوەی چەند رۆژێکە سوپای عێراق لەنێو گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکووک بڵاوەیان پێکراوە، ئەمڕۆ ئەو هێزانە لەگەڵ دانیشتوانی گەڕەکەکە ڕووبەڕووبوونەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە(4ی کانوونی دووەمی 2024)، هێزەکانی سوپای عێراق لەگەڵ دانیشتوانی گەڕەکی نەورۆز لە کەرکووک رووبەڕووبوونەوە، هێمن دەلۆ پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند: کەمێک بەر لە ئيستا، ئەو حەوت خانووەی گەڕەکی نەورۆز کە سوپای عێراق لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزیان تێداجێگیرکردبوو، ژمارەیەک خێزانی عەرەبی تێیدا نیشتەجيکراون و دانیشتوانی گەڕەکەکەش ڕێگریان لەو هەنگاوەکرد، لە ئەنجامی ئەوەشدا گرژی لەنێوان خەڵک و سوپای عێراق دروستبوو.
یەکێک لەدانیشتوانی ئەوگەڕەکە بەکوردستان24ی ڕاگەیاند: لە رێگەی سوپای عێراقەوە پلانی تەعریبکردنی گەڕەکەکەیان جيبەجێدەکرێت و حەوت خانوویان چەند ڕۆژێکە داگیرکردووە، گوتیشی: ئێمە چاوەڕوانبووین هێزەکە بکشێنەوە، بەڵام ژمارەیەک خێزانی عەرەبیان هێناوەو لەنێو خانووەکاندا جێگیریان کردوون، ئەوهاوڵاتییە گوتیشی: ویستمان ڕێگری بکەین، بەڵام سوپای عێراق چەکی لێڕاکێشاین و، بەپشتگیری ئەوان خانووەکان عەرەبی تێدا نیشتەجێدەکرێن، ئەو هاووڵاتیە کوردە داواشیکرد بەزووترین کات کێشەکە چارەسەربکرێت، بەپێچەوانەوە بارودۆخەکە تێکدەچێت و ئەگەری پێکدادان هەیە.
رۆژی چوارشەممە 3 ی کانوونی دووەمی 2024، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هیچ خێزانێکی کوردی دانیشتووی گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکووک ناچار بە دەرکردن ناکرێت و، ئەو هێزەی سوپای عێراق کە لەو گەڕەکە جێگیر کراوە، دەكشێتەوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا ئەوەی خستووەتەڕوو، دوای ئەوەی سێشەممە، 02-01-2024، چەند هاوڵاتییەکی دانیشتووی گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکووک پەیوەندییان پێ کردووە و پێیانگوتووە، هێزێکی سوپای عێراق هاتووەتە سەریان و داوای چۆلکردنی ماڵەکانیان لێدەکات، "لەگەل سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەی کردووە و، بەسوپاسەوە فەرمانی بە وەزارەتی بەرگری کردووە ئەو هێزەی سوپای عێراق بکشێتەوە و ئەو بابەتە رابگیرێت.
بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، کە هاوکات ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیی دیموکراتی کوردستانە، لەگەڵ فەرماندەی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکان قسەیکردووە و بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کشاندنەوەی ئەو هێزەی سوپا جێبەجێ دەکات.