سامان شاڵی: ئامانجی گرووپە چەکدارەکان چوونەدەرەوەی ئەمەریکایە لە عێراق

K24 – هەولێر:
شارەزاییەکی سیاسی دەڵێت: دوای شەڕی غەززە هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق زیادی کردووە، هەروەها ئەو گرووپانە ئەجێندای دەرەکی جێبەجێ دەکەن.
سامان شاڵی، شارەزای سیاسی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بارەگاکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە دوای 17ـی ئۆکتۆبەرەوە دەستی پێکردووە، ئەو گرووپە چەکدارانە کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی ناساندووە ئامانجیان ئەوەیە ئەمەریکا واز لە پاڵپشتی ئیسرائیڵ بهێنێت، کە ئەمەش هەرگیز روونادات.
ئەو شارەزا سیاسییە، دەڵێت: ئەمەریکا جەخت لە سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان دەکاتەوە، هەروەها گرووپە میلیشیاکان ئامانجیانە ئەمەریکا لە عێراق بچێتە دەرەوە بۆ ئەوەی خۆیان کۆنترۆڵی دۆخی ئەمنی عێراق بکەن.
سامان شاڵی، ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی عێراق دەسەڵاتی کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکانی نییە، هەروەها ئەم گرووپانە بە پشتیوانی ئەجێندایەکی دەرەکی کار دەکەن و سەقامگیری و سەروەری خاکی عێراقیان لەلا گرنگ نییە.
ئەو شارەزا سیاسییە، باسی لەوەکرد، بەپرسانی عێراق هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان سەرکۆنە ناکەن.
سامان شاڵی، هاوکات راشیگەیاند، بەشێک لەلایەن شیعییەکانی پەرلەمانی عێراق دووبارە داوای کشانەوەی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق دەکەن، گەر ئەمەش رووبدات ئەوە بۆشاییەکی ئەمنی دروستدەبێت و دەبێتە رێگەخۆشکەر بۆ چالاکبوونەوەی گرووپە تیرۆرستییەکان، هەروەها ئەگەر ئەمەریکا لە عێراق بچێتە دەرەوە، ئەوا ئابووری عێراق دادەڕمێت، چونکە پارەی نەوتی عێراق هەموو لە ئەمەریکایە.
لە دوای 17ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە تاوەکو ئێستا، گرووپە چەکدارەکانی شیعە کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناساندووە؛ بەرپرسیارییەتی خۆیان لە زیاتر لە 150 هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا راگەیاندووە. لە بەرامبەردا ئەمەریکاش چەند جارێک بارەگاکانی ئەو گرووپانەی لەنێو عێراق و سووریادا کردووەتە ئامانج، دواین هێرشیش ئەمڕۆ ئەمەریکا بارەگایەکی بزووتنەوەی نوجابای سەر بە حەشدی شەعبی لە شەقامی فەڵەستینی بەغدا کردە ئامانج.