هۆشیار زێباری: ئەو رۆڵەی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق دەیبینێت لە هیچ دەوڵەتێکدا نەبیندراوە

هۆشیار زێباری
هۆشیار زێباری

K24 – هەولێر:

هۆشیار زێباری لەبارەی ئامادەبوون و دەربڕینی هەڵوێست لە بۆنە سیاسی و حزبییەکان لەلایەن سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری دەڵێت: ئەوە دووپاتکردنەوەیە کە گومان لە سەربەخۆیی دادوەریماندا هەیە.

رۆژی هەینی (5ـی کانوونی دووەمی 2023) هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: "دووبارەبوونەوە و بەردەوامی ئامادەبوونی بەرێز دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە وڵات، لە بۆنە سیاسی و حزبییەکان و پێشکەشکردنی گوتار و راگەیاندنی هەڵوێست، ئەوە دووپاتکردنەوەیە کە گومان لە سەربەخۆیی دادوەریماندا هەیە".

هەروەها هۆشیار زێباری ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە هیچ دەوڵەتێکی پاشایەتی، کۆماری و تاکڕەویدا ئەو رۆڵەی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری دەیبینێت نابینرێت جگە لە عێراق، ئەمەش شتێکی نامۆیە".

Fly Erbil Advertisment