ئوردن.. شەڕ وپێکدادان لە نێوان قاچاخچییەکانی ماددەهۆشبەرەکان و پاسەوانانی سنوور روویدا
K24 - هەولێر
سەرچاوەیەکی سەربازی لە فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئوردن رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان پاساوانانی سنووری ئوردن و گروپێکی قاچاخچی لە سەر سنووری باکووری وڵاتەکە روویدا.
ئاژانسی هەواڵی ئوردنی "پترا" لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە بڵاویکردەوە، کە گوتیەتی: لە شەڕ و پێکدادانەکەدا ژمارەیەک لە قاچاخچییەکان برینداربوون و دەستگیرکران، هەروەها هەوڵی بەقاچاخبردنی بڕێکی زۆری ماددەی هۆشبەر و چەک پوچەڵ کرایەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، "گرووپە چەکدارەکان بەرەو سووریا هەڵاتوون" روونیشیکردەوە، لەرۆژانی رابردوودا چەندین جار هەوڵی بەزاندنی سنووری ئوردن لەلایەن گرووپە قاچاخچییەکانەوە دراوە، بەڵام لە لایەن پاسەوانانی سنوور هەوڵەکانییان پوچەڵ کراوەتەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، لە مانگی رابردوو، ئوردن ئۆپەراسیۆنێکی دژی قاچاخچییەکانی ماددەی هۆشبەر و چەک ئەنجامدا و رووبەڕووی دەیان قاچاخچی سووری بوونەوە کە پەیوەندییان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران هەبووە.
1.6 ملیۆن پەنابەری سووری لە ئوردن نیشتەجێن، زۆرجار کاری باندەکان لەرێگەی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدەدرێت، بەمەش ئوردنی ناچارکردووە هەندێک جار سیستەمی بەرگری بەکار بهێنێت بۆ خستنەخوارەوەی ئەو درۆنانە.
سەرچاوەیەکی هەواڵگری ئوردن رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ئوردن چەند هێرشێکی ئاسمانی لە سووریا کرد و شوێنی بازرگانانی ماددەهۆشبەرەکانی پەیوەست بە ئێرانەوە کردە ئامانج.