شاخەوان عەبدوڵڵا: کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و زەیدی زۆر راشکاو بووە

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات، کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کەشێکی زۆر ئەرێنی و راشکاوانە بەڕێوەچووە و هەردوولا نیازی تەواویان بۆ رێککەوتن هەیە، هاوکات جەخت لەوە کراوەتەوە کە مووچە دەستەبەرە و تێکەڵی هیچ پرسێکی دیکە ناکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2026، د. شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 7:00ـی کوردستان24، وردەکاریی کۆبوونەوەی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق خستەڕوو.

شاخەوان عەبدوڵڵا رایگەیاند: "کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کەشێکی زۆر ئەرێنی و زۆرباشدا بەڕێوەچوو و هەردوولا زۆر بە راشکاوی گفتوگۆیان کرد."

ئاماژەی بەوەش کرد، عەلی زەیدی لە کۆبوونەوەکەدا دووپاتی کردووەتەوە کە "مادام هەردوولا نیازی رێککەوتنمان هەیە، دەتوانین بگەینە رێککەوتنێکی گشتگیر و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکەین."

سەبارەت بە دۆسیەی بودجە و شایستە داراییەکان، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتی: "مەسرور بارزانی زۆر بە روونی و بە وردی ئامار و ژمارەکانی پەیوەست بە داهات و پرسە داراییەکانی خستەڕوو؛ لە کۆبوونەوەکەدا گوتی لە کۆی 217 ترلیۆن دیناری بودجەی گشتیی عێراق، تەنیا 12 ترلیۆن و 800 ملیار دینار بۆ هەرێم دانراوە، دەپرسین لەسەر چ بنەمایەک ئەم بڕە دیاریکراوە؟ چونکە ئەگەر لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان بێت، بەپێی دوایین سەرژمێری لە عێراق و هەرێمی کوردستان، دەبێت نزیکەی 28 ترلیۆن دینار پشکی هەرێمی کوردستان بێت."

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەش کردووە: "ژمارەیەکی زۆری دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکانمان هەیە و لە ساڵی 2013ـەوە هیچ کەس دانەمەزراوە، هەروەها ماوەی 12 ساڵە هیچ جۆرە پلەبەرزکردنەوە و شیرینییەک بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج نەکراوە."

مەسرور بارزانی جەختیشی کردووەتەوە کە "دەبێت جیاوازی لە نێوان فەرمانبەرانی هەرێم و عێراق، هەروەها لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا نەمێنێت. لە کاتێکدا لە کۆی 47 ترلیۆن دیناری خەرجیی سیادی، تەنیا 500 ملیار دینار بۆ هەرێم تەرخان کراوە."

هەر لەو چوارچێوەیەدا بە سەرۆکوەزیرانی عێراقی گوتووە کە بەپێی دەستوور، دەبێت نیوەی داهاتی نانەوتی بۆ هەرێم بێت، چونکە چەندین دامەزراوە هەن لە هەرێمی کوردستان کە حکوومەتی عێراق تا ئێستا یەک دیناریشی بۆ خەرج نەکردوون.

شاخەوان عەبدوڵڵا روونی کردەوە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە "بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تێکەڵ بە هیچ کێشەیەکی دیکە ناکرێت و مافێکی مسۆگەرە."

هەروەها باسی لەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوو حکوومەت بەتایبەت لە کەرتی نەوت کراوەتەوە، لەگەڵ پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی تایبەت لەسەر پرسی پڕۆژەیاسای بودجە، بۆ ئەوەی لێکتێگەیشتنەکان بکرێنە رێککەوتنی فەرمی و نووسراو لەنێوان هەردوولادا. 

تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان مەسرور بارزانی و عەلی زەیدی، تایبەت بووە بە هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتی و گازییەکان، بەتایبەت هێرشەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ. لەو بارەیەوە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کردووە و جەختی کردووەتەوە کە دەبێت هەر لایەن و کەسێک لە پشت ئەو هێرشانەوە بێت، دەستنیشان بکرێن و بە سزای یاسایی بگەیەندرێن.