بایدن راپۆرتێک لەبارەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کۆنگرێس دەدات
سەرۆکی ئەمەریکا: هێرشەکانمان بۆ سەر حەشدی شەعبی بۆ بەرگریکردنە لە خۆمان

K24 - هەولێر
سەرۆکی ئەمەریکا راپۆرتێک لەبارەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کۆنگرێس دەدات و رایدەگەیەنێت: هێرشکردنە سەر بنکەکانی حەشد لە بەغدا بۆ بەرگریکردنە لە خۆمان.
جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا راپۆرتی تایبەت بە هێرشەکانی وڵاتەکەی دژی بنکەکانی حەشدی شەعبی لەناو خاکی عێراق رادەستی کۆنگرێس کرد.
بەپێی ئەو راپۆرتەکەی جۆو بایدن بۆ کۆنگرێسی ناردووە، بڕیاری هێرش دژی بنکەکانی حەشدی شەعبی و کوژرانی سەرکردەیەکی گرووپی نوجەبا کردارێکی بەرگریکردن بووە لە خۆیان و مەبەست لێی پاراستنی ئەمەریکییەکان بووە لە عێراق.
سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لەوەشکردەوە، ئامادەن بۆ گرتنەبەری رێکاری زیاتر بۆ پاراستنی هێزەکانیان لە ئەگەری زیادبوونی هەڕەشەکانی سەریان.
جۆو بایدن، لەو راپۆرتەدا ئاماژەی بەوەشداوە، "هێرشکردنە سەر بنکەی گرووپەچەکدارەکان لە عێراق پێچەوانەوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان نەبووە، چونکە بەپێی مادەی 51ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمەریکا بەرگریی لەخۆی کردووە.
ئەمە دوای ئەوە دێت رۆژی پێنجشەممە، 04/01/2024، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بارەگای لیوای 12ـی بزووتنەوەی نوجەبای سەر حەشدی شەعبی لە شەقامی فەڵەستینی بەغدا کردە ئامانج. میدیاکانی نزیک لە حەشدی شەعبی رایانگەیاند، بەهۆی هێرشەکەوە، سێ سەرکردەی حەشد کوژراون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون.