ئەنتۆنی بلینکن: تورکیا دەتوانێت رۆڵی هەبێت لە داهاتووی غەززەدا
K24 – هەولێر:
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، واشنتن رۆڵی تورکیا لە چارەسەرکردنی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرقەرارکردنی ئاشتی بەرز دەنرخێنێت.
رۆژی شەممە (6ـی کانوونی دووەمی 2024) ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە دوای سەردانەکەی بۆ تورکیا و یۆنان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا جەختیان لەسەر رۆڵی تورکیا لەسەر بەرقەرارکردنی ئاشتی هەمیشەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووەتەوە.
بلینکن گوتی: "بروام وایە کۆبوونەوەی زۆر بەرهەمدارمان لەگەڵ تورکیا و یۆنانی هاوپەیمان و هاوبەشمان هەبوو. لە تورکیا بە شێوەیەکی فراوان جەختمان لە توانای تورکیا بۆ بەکارهێنانی کاریگەری و پەیوەندییەکانی بۆ یارمەتیدان لە رێگریکردن لە تەشەنەسەندی ململانێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا باسمان لەو رۆڵە کرد کە ئەنقەرە دەتوانێت لە داهاتوودا لە غەززە لە رووی ئالنگارییەکان سەبارەت بە حوکمڕانیکردنی غەززە لەلایەن فەڵەستینییەکان، ئاسایش و بونیادنانەوە بیگێڕێت. لەگەڵ ئەوەشدا، گفتوگۆمان دەربارەی کارکردنی تورکیا بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی درێژخایەن و هەمیشەیی لە ناوچەکەدا کرد."
پێشتر وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگەیاند، سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌نتۆنی بلینكن بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تاكو 11ـی ئه‌م مانگه ده‌خایه‌نێت و له توركیاوه ده‌ستپێده‌كات و له میسر كۆتایی پێدێت. لە سەرەتای شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە، ئەمە چوارەم سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکایە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لەبارەی ئەجێندای کۆبوونەوەکانی بلینکن، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئاشکرایکردووو، جه‌خت له پاراستنی گیانی مه‌ده‌نییه ئیسرائیلیی و غه‌زه‌ییه‌كان ده‌كاته‌وه وگفتوگۆ له‌باره‌ی گه‌یاندنی هاوكاری زیاتر بۆ كه‌رتی غه‌ززه ده‌كات، وێڕای رێگریكردن له كۆچپێكردنی به‌زۆریی خه‌ڵكی غه‌ززه. لەگەڵ هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه و رێگریكردن له درووستبوونی ئاڵۆزی ناوچه‌یی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێرشی حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن بۆسه‌ر كه‌شتییه‌كانی ده‌ریا سوور و خۆپاراستن له دروستبوونی ناكۆكی و ئاڵۆزی له لوبنان.