لە ئەفغانستان بەهۆی تەقینەوەیەک دووکەس گیانی لەدەستدا
14 کەسی دیکەش برینداربوون
K24 - هەولێر
گوتەبێژی پۆلیسی کابول رایگەیاند، لە ئەنجامی تەقینەوەی پاسێک لە پایتەختی ئەفغانستان دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 14 کەسی دیکەش برینداربوون.
خالید زادران، گوتەبێژی پۆلیسی کابول لە ئەفغانستان رایگەیاند، تەقینەوەکە لە گەڕەکی "دەشت بەرتشی" روویداوە، هەزاران ئەندامی نەتەوەی "الهزارە" تێیدا نیشتەجێن.
راشیگەیاند، "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان دوو هاووڵاتی مەدەنی لەناو پاسەکەدا گیانیان لەدەستداوە و 14ی دیکەش برینداربوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە".
داعش-خۆراسان لە راگەیەندراوێکدا لە رێگەی تێلێگرامەوە، بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرتووە.
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا بەهۆی تەقینەوەی پاسێکەوە لە "دەشت بەرتشی" کە داعش رایگەیاندبوو، حەوت کەس گیانیان لەدەستدا.
ئا: لاڤین عومەر