نەتەوە یەکگرتووەکان: سەدا 90ی دانیشتوانی غەززە بەهۆی شەڕەوە ئاوارەبوون

فۆتۆ: AFP
فۆتۆ: AFP

K24 - هەولێر

ئاژانسی فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین رایگەیاند، نزیکەی 90%ی فەڵەستینییەکان لە غەززە بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حەماس ئاوارە بوون.

ئاژانس فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین (ئۆنۆروا) لە رێگەی پلاتفۆرمی "ئێکس" تویتەری پێشوو" رایگەیاند "نزیکەی 90%ی فەڵەستینییەکان لە غەززە بە هۆی شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، ئاوارە بوونە لە ئێستادا خێزانە فەڵەستینییەکان بەدوای سەلامەتی و خواردندا دەگەڕێن لەو شوێنانەی کە هیچی لێ نییە، پێویستە ئاگربەست بکرێت بۆ گەیاندنی هاوکاری بەپەلە و کۆتاییهێنان بەم ئاوارەبوونە زۆرەملێیە، دانیشتوانی غەززە هەمووشتێکیان لەدەستداوە و هیچییان نەماوە".

لای خۆیەوە هێزەکانی ئیسرائیل دوێنێ شەممە، داوایان لە فەڵەستینییەکانی ناوەڕاستی غەززە کردووە کە چۆڵی بکەن و بڕۆنە شاری دێربلح کە نزیکە لێیانەوە، سوپای ئیسرائیل ئاگاداریشی کردنەوە کە گەڕەکەکانی ئەمەل، سیدرا، بەساتین، فاروق و عەین جالوت ناوچەی مەترسیدارن.

هەروەها راشیگەیاند، "سوپای ئیسرائیل ئاگادارتان دەکاتەوە کەی دەتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵەکانتان و ئەم هۆشدارییە، بۆ ئەوەیە کە دانیشتوانی ئەو گەڕەکانە تاوانبار نەکرێن".

بە لەبەرچاوگرتنی لاوازی سیستەمی پەیوەندییەکان لە سەرتاسەری غەززە، هەرچەندە دیار نییە کە بەیاننامەکان چەند کاریگەرییان هەیە، بەڵام پێشتریش بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایانگەیاندبوو، کە هیچ شوێنێکی ئارام نییە بۆ رۆشتنی خەڵکی سڤیل لە غەززە.

رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

هه‌روه‌ها بەگوێرەی ئاماری سوپای ئیسرائیل لە دەستپێکی شەڕی غەززە لە 7ـی تشرینی یەکەمی ئه‌م ساڵه‌وه‌ تا ئێستا زياتر له‌ 500 سەربازی ئیسرائیل کوژراون.

ئا: لاڤین عومەر