لە باکووری کوردستان و تورکیا نرخی نان و سەمون گرانتر دەبێت
K24 - ئەنقەرە
لە تورکیا و باکووری کوردستان بەهۆی کۆنترۆڵ نەکردنی هەڵاوسانی ئابووری، رۆژ دوای رۆژ نرخی پێداویستییەکانی رۆژانەی خەڵک گرانتر دەبێت. نرخی نان كه پێداویستییهكی بنهڕهتی رۆژانهیه، به رێژهی سهدا 150 بهرز بووهتهوه، ئهوهش دۆخ و گوزهرانی هاووڵاتییانی توركیای سهختتر كردووه.
لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێ نرخی 50 کیلۆ ئارد لە تورکیا لە 500 لیرەوە بۆ 650 لیرە بەرزبووەتەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر نرخی نان داناوە و گرانتر بووە، هاووڵاتییان بە گشتی ناڕازین لە بەرزی سەرجەم خۆراک و کەلوپەلەکان، بەرز بوونەوەی نرخی نانیشی هاتووەتە سەر.
یەڵماز دەلەر، دانیشتووی ئەنقەرەیە بە کوردستان24ی گوت: "50 لیرەمان داوە بە نان، باشە ئێمە مرۆڤ نین؟ ئایا ئێمە مافی ژیانمان نییە؟ من تەنیا خۆم و هاوسەرەکەمم هێشتا ناتوانم بژێوی ژیانم دابین بکەم، لە چەندین شوێن کارم کرد هەموویان مایەپوچ بوون ئێستا بێ کار ماومەتەوە".
ئایشان هیلال، هاووڵاتییەکی دیکەی دانیشتووی ئەنقەرەیە دەڵێت: "من رۆژانە دوو نان دەکڕم، نرخەکەی گرانە پێشتر بە 2 لیرە و 3 لیرە دەمانکڕی زیادبوونەکە نزیکە لە 150-200ـە و فشاردەخاتە سەر خەڵک، رەنگە بۆ من قورس نەبێت چونکە تەنها یەک نان دەخۆم، بەڵام بۆ خێزانە گەورەکان سەختە زۆر کەسیش بە نانێک تێر ناخوات".
لە سەرەتای ساڵی 2023 لە تورکیا و باکووری کوردستان، نرخی نانێک بە 4 لیرە و 50 كرووش بوو لە 6 مانگی کۆتایی ئەو ساڵەدا بوو بە 7 لیرە، بە هۆی هەڵاوسان و زیادبوونی تێچوو لە ماوەی ساڵیدا نرخی یەک سەموون بە رێژەی سەدا 150 گران بووە، لە دوای زیادکردنی کەمترین مووچەش جارێکی دیکە نرخەکان گۆانکاری بە سەردا هاتووە، نرخی سەموونێکی 210 گرامی لە 7 لیرەوە بووە بە 8 لیرە و 29 كرووش سەموونێکی 250 گرامیش لە 9 لیرەوە بووە بە 10 لیرە ئەمەش نیگەرانی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتەی لێكەوتووەتەوە.
خێزانێکی دوو کەسی، بۆ سێ ژەمی خواردن رۆژانە پێویستە 5 سەمون بکڕن، کە مانگانە دەکاتە 1500 لیرە، ئەمەش فشاری زۆر دەخاتە سەر ئەو کەسانەی کە ژمارەی ئەندامانی خێزانەکەیان زۆرە و بە کەمترین مووچە دەژین و رۆژانە پێویستیان بە کڕینی نانی زیاترە.