گوتەبێژی پێنتاگۆن: لوید ئۆستن دەستی بە ئەرکەکانی کردووەتەوە
K24 - هەولێر
لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا دانی بەوداناوە کە خۆی بەرپرسیارە لە هێشتنەوەی پرسی خەواندنەکەی بەنهێنی کە ماوەی چەند رۆژێکە لەنەخۆشخانەیە، هەروەها بەرپرسە باڵاکان سەرۆکی ئەمەریکایان ئاگادار کردووەتەوە کە ئۆستن دۆخی تەندروستی تێکچووە.
پێنتاگۆن تا رۆژی هەینی چاوەڕێی کرد و هەواڵی خراپی تەندروستی "لوید ئۆستن"ـی بەنهێنی هێشتەوە، دواتر ئاشکرایکرد کە وەزیرەکەی بەرگری لە ئێوارەی دووشەممە لە نەخۆشخانەی سەربازی واڵتەر رید لە نزیک واشنتن بەهۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستی خەوێندراوە.
ئەمە لە کاتێکدا ئۆستن لە نەخۆشخانەی واڵتەر رید ماوەتەوە، بەڵام گوتەبێژی پێنتاگۆن پشتڕاستی کردەوە کە رۆژی هەینی دەستی بە ئەرکەکانی کردووەتەوە.
پێشتر پێنتاگۆن جەختی لەوە کردبووەوە، کە "کاتلین هیکس، جێگری ئۆستن ئامادەیە دەسەڵاتەکانی وەزیر بەکاربهێنێت لەهەر کاتێکی پێویستدا".
شاردنەوەی دۆخی تەندروستی ئۆستن بۆ چەند رۆژێک پێشێلکردنی پرۆتۆکۆڵە، بەتایبەتی لە کاتێکدا واشنتن رووبەڕووی چەندین قەیرانی سەربازی بووەتەوە، لەوانە هێرشەکانی رووسیا بۆسەر ئۆکرانیا و شەڕی کەرتی غەززە لە نێوان ئیسرائیلی هاوپەیمانی و بزووتنەوەی حەماس.
کەناڵی "ئێن بی سی" ئەمەریکی بڵاویکردەوە، وەزیری بەرگری بۆ ماوەی چوار رۆژ لە چاودێری چڕدا ماوەتەوە، تا رۆژی شەممە، هێشتا وادەی دەرچوونی لە نەخۆشخانەکە رانەگەیەندراوە.
ئۆستن لە بەیاننامەیەکدا دوێنێ شەممە بڵاویکردەوە، دانی بەوەدانا کە دەیتوانی باشتر کار بکات بۆ ئەوەی دڵنیابێت لە ئاگادارکردنەوەی خەڵک بە شێوەیەکی دروست، گوتیشی "بەڵێن دەدەم باشتر کاربکەم".
لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: گرنگە بڵێم ئەمە رێکاری پزیشکی خۆم بووە، منیش بەرپرسیارێتی تەواوم لە ئەستۆ دەگرم لە بڕیارەکانم سەبارەت بە ئاشکراکردنی ئەو پرسە، سوپاسی ستافی پزیشکی و نەخۆشخانەکەی کرد و ئاماژەی بەوەشکرد، "بەم زووانە دەگەڕێتەوە بۆ پێنتاگۆن".
خەواندنى ئۆستن لە نەخۆشخانە لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەشێوەیەکى بەرچاو پەرەیان سەندووە، بەتایبەت شەڕى نێوان ئیسرائیل و حەماس کە پێى ناوەتە مانگى سێیەمەوە.
رۆژنامەی "پۆلیتیکۆ" یەکەم رۆژنامەبوو لەنێو چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندنی ئەمەریکادا کە ئاشکرای کرد ئۆستن سێ رۆژە لە نەخۆشخانەیە، ئەمەش پێش ئەوەی بەرپرسانی پێنتاگۆن راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا جەیک سولیڤان و بەرپرسە دیارەکانی کۆشکی سپی لەم بابەتە ئاگادار بکەنەوە.
بەرپرسێکی کۆشکی سپی رۆژی شەممە رەتیکردەوە بچێتە وردەکارییەکانی ئاگادارکردنەوەی بایدن کە وەزیری بەرگرییەکەی لە نەخۆشخانەیە.
ئەم دۆسیەیە رەخنەی کۆمارییەکانی لێکەوتەوە کە سیناتۆر"تۆم کۆتۆن" ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارەکان لە کۆنگرێس داوای روونکردنەوە دەکات.