راوێژکارێکی پاپا داوا دەکات رێگە بە قەشەکان بدرێت هاوسەرگیری بکەن

K24 - هەولێر
بەرپرسێکی باڵای ڤاتیکان رایگەیاند، پێویستە کەنیسەی کاسۆلیکی "بەجدی بیر لە رێگەدان بە قەشەکان بکاتەوە هاوسەرگیری بکەن".
چارڵز سیکلۆنا، راوێژکاری پاپا فرانسیس و یاریدەدەری سکرتێری ئۆفیسی بیروباوەڕی ڤاتیکان بە رۆژنامەی تایمزی ماڵتای راگەیاند، "رەنگە ئەمە یەکەمجار بێت کە بە ئاشکرا ئەم قسەیە بکەم و دەشێت بۆ هەندێک کەس نوێ بێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، پاپا فرانسیس دەرفەتەکانی بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی رۆمانی کاسۆلیکی رەتکردەوە کە قەشەکان پابەند دەکات هاوسەرگیری نەکەن، بەڵام ئەمە لە بیروباوەڕی فەرمی کەنیسەدا نییە، لەبەر ئەوە دەتوانرێت لە داهاتوودا لەلایەن پاپاوە بگۆڕدرێت.
سیکلونا تەمەن 64 ساڵ کە بە لێکۆڵینەوەکان لە تاوانەکانی دەستدرێژی سێکسی ناسراوە، جەختیکردەوە، لە هەزارەی یەکەمی مێژووی کڵێسادا رێگە بە قەشەکان دراوە هاوسەرگیری بکەن و ئەمڕۆش هاوسەرگیری لە رێوڕەسمەکانی ڕۆژهەڵاتی کەنیسەی کاسۆلیکیدا ڕێگەپێدراوە.
گوتیشی: "ئەگەر ئەوە پەیوەندی بە منەوە بوایە، پێداچوونەوەم بەو مەرجە دەکرد کە قەشە بێ شوو بن، ئەزموونەکان نیشانیان داوە کە ئەمە شتێکە کە دەبێت بە جددی بیری لێبکەینەوە".
راوێژکارەکەی پاپا فرانسیس دەشڵێت: "کەنیسەکە زۆر قەشە گەورەی لەدەستداوە، چونکە هاوسەرگیریان کردووە".
باسی لەوەشکرد، بوار هەیە بۆ شوو نەکردن لە کڵێسادا، بەڵام دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە قەشە هەندێکجار دەکەوێتە خۆشەویستییەوە، بۆیە دەبێت دواتر لە نێوان کچەکە و قەشەیی یەکێکیان هەڵبژێرێت، هەروەها هەندێک قەشە بە نهێنی پەیوەندیی سۆزداریی دەکەن".
چەندین سەدە مشتومڕ لەسەر ئەوە هەیە کە ئایا قەشەی رۆمانی کاسۆلیکەکان رێگەیان پیدراوە هاوسەرگیری بکەن.
نەیارانی هاوسەرگیری قەشەکان دەڵێن: شوو نەکردن رێگە بە قەشە دەدات خۆی بە تەواوی بۆ کەنیسەکە تەرخان بکات.