دەزگای گشتی کاروباری مین: لە ساڵی 2023 نزیکەی چوار هەزار مین لەناو براوە
K24 - هەولێر
دەزگای گشتی کاروباری مین رایگەیاند، ساڵی رابردوو، 44 کێڵگەی مین لە هەرێمی کوردستان پاککراونەتەوە، هەروەها بە هەزاران مینی دژە کەسی، دژە تانک و بۆمبی چێندراوییان لەناو بردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 8/1/2024، جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماری کاروچالاکی ساڵی 2023ـی راگەیاند و گوتی: ساڵی رابردوو دوو ملیۆن و 803 هەزار و 326 مەتر دووجا لە مین و پاشماوەی جەنگی پاککراوەتەوە، دەشڵێت: 19 کێڵگەی مین لەلایەن دەزگای گشتی کاروباری مینەوە پاککراوەتەوە، هەروەها لەلایەن رێکخراوەکانیشەوە 14 کێڵگە پاککراوەتەوە.
سەرۆکی دەزگای گشتی مین ئاماژەی بەوەشکرد، چوار شەرگە لە لایەن دەزگای گشتی کاروباری مینەوە پاککراوەتەوە، لەلایەن رێکخراوەکانیش حەفت شەرگە پاککراوەتەوە، هەروەها ساڵی رابردوو کۆی گشتی کێڵگە پاککراوەکان لە مین گەیشتووەتە 44 کێڵگە.
هەر بەگوێرەی ئامار و داتاکان، لەساڵی رابردوو سێ هەزار و 326 مینی دژە کەسی لە لایەن دەزگای گشتی مینەوە لەناو براوە، هەروەها 514 مینی دژە کەسیش لەلایەن رێکخراوەکانەوە لەناو براوە.
راشیگەیاند، دەزگای گشتی کاروباری مین شەش مینی دژە تانک لەناو براوە، لەلایەن رێکخراوەکانیشەوە سێ مینی دژە تانک لەناو براوە. واتە کۆی گشتی مینی لەناو براو سێ هەزار و 849 مینە.
باسی لەوەشکرد، دەزگا چوار هەزار و 395 پارچەی تەقەمەنی نەتەقاوە کە پێی دەڵێن"یو ئکس ئۆ" لەناو براوە، لەلایەن رێکخراوەکانیشەوە هەزار و 872 دانە لەناو براون، هەروەها دەزگا یەک بۆمبی چێنراوی لەناو بردووە، رێکخراوەکانیش 16 بۆمبی چێندراویان لەناو بردووە.
بەگوتەی سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین، بەهۆی مینەوە 10 کەس گیانیان لەدەستداوە و 13 کەسی دیکەش بریندار بوون.