پارێزگاری هەولێر بەردی بناغەی سێ پڕۆژە دادەنێت

K24 - هەولێر

بە گوژمەی دوو ملیار و 100 ملیۆن دینار، پارێزگاری هەولێر بەردی بناغەی سێ پڕۆژەی ئاودێری دانا، کە مەترسییەکانی لافاو لە هەولێر کەم دەکەنەوە.

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: "ئەم سێ پڕۆژەیە بە گوژمەی دوو ملیار و 100 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری پارێزگای هەولێر ئەنجام دەدرێن، ئەو پلانانەی کە دایانڕشتووە ساڵانی رابردوو، لەگەڵ ئەنجامدانی ئەو پڕۆژانەی ئەنجامدراون، بەدڵنیاییەوە کاریگەری زۆر بووە، بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو".

گوتیشی: "هەرسێ پڕۆژە لەلایەن بەڵێندەرێک جێبەجێی دەکرێن، بە تەواو بوونی ئەو پڕۆژانە جگە لەوەی تیمەکان چاودێرییەکی چڕی دەکەن، داوامان ئەوەیە "بە کوالێتییەکی بەرز و لەکاتی خۆیدا پڕۆژەکان تەواو بکات"، ئێمەش وەک پارێزگار و حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە داواکانی بەڵێندەرەکان دەکەین، کە ئەوانیش بەشێکی گرنگن لە سەرکەوتنی پڕۆژەکان لە سنووری هەولێردا".

ئومێد خۆشناو، روونیکردەوە، "پڕۆژەکان مەترسی لافاو کەمدەکەنەوە، لە هەمانکاتدا ئەوەی کۆڕنیش دیمەنی جوانیش بە شاری هەولێر دەبەخشێت، دەبێتە بەشێک لەو پلانەی کە خۆ ئامادەبوونێکی زۆری بۆ کراوە، بۆ ئەوەی کۆڕنیشی هەولێر بەجۆرێک رێکبخرێتەوە کە ببێتە هۆی دیمەنێکی جوان و ناوازە".